سبەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەكرێت

سبەی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دەکرێت، کە بەهۆی نە ناردنی تەرخانکردنی دارایی لەلایەن بەغداوە، تەواوی تێچووەکەی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم دابین کراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: سبەی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران بۆ مامۆستایانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرانە دەستپێدەکات کە شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.

بە پێی زانیارییەکان، تێچووی ئەم مووچەیە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە رەوانە نەکراوە، بەڵکوو لە رێگەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆیی (گومرگ، باج و داهاتی وەزارەتەکان) دابین کراوە، کە مانگانە نزیکەی 43 ملیار دینار لەم داهاتە بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەکرێت.

بە پێی راگەیەنراوی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم دابەشکردنە مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەگرێتەوە، هاوکات هەر سبەی مووچەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە دوای رێککەوتی 1ـی تەممووزی 2024ـەوە، بە شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوە جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.

بە گوێرەی داتا فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا 41 هەزار و 382 مامۆستا لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە شێوەی گرێبەست دامەزراون. لەگەڵ ئەوەشدا، 45 هەزار و 409 فەرمانبەر لە وەزارەت و فەرمانگەکانی دیکەی حکوومەتدا هەن کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.

کۆی گشتیی ئەو پارەیەی مانگانە حکوومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ بۆ ئەم دوو توێژە دابینی دەکات، دەگاتە 42 ملیار و 623 ملیۆن دینار. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق تاوەکو ئێستا ئامادە نەبووە ئەم فەرمانبەر و مامۆستایانە بخاتە ناو لیستی فەرمیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تەرخانکردنی دارایی فیدراڵییان بۆ دابین بکات.

لە لایەکی دیکەوە، لە رووی پێشهاتە کارگێڕییەکانەوە ئاشکرا کراوە کە لە هەفتەی رابردوودا ناونیشان و زانیاریی تەواوی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست رادەستی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کراوە، بە ئامانجی تۆمارکردنیان لە سیستەمی دیجیتاڵیی "پەیڕۆڵ" کە تایبەتە بە دۆسیەی مووچەخۆران.

ئەم پرۆسەیە ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە و دوای تەواوبوونی، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی یاسای بودجەی ساڵی 2027، بە فەرمی داوا لە بەغدا دەکات کە ئەم فەرمانبەر و مامۆستایانە بکرێنە هەمیشەیی و بخرێنە سەر میلاکاتی هەرێمی کوردستان.