یەدیعۆت ئەحرۆنۆت: ئەمریکا هێرشە چڕەکەی دواخست

پێگەی ئیسرائیلی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت (Ynet) ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل بە تەواوی ئامادەکاری بۆ هێرشێکی گەورە ئەمریکا دژی ئێران کردبوو، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەرفەتێکی تری داوەتە تاران پاش نێوەندگیریی عومان و قەتەر، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل پێی وایە چانسی رێککەوتنی کۆتایی سفرە.

شەممە 25ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئیسرائیلی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" ئیسرائیل دوێنێ لە ئامادەکاریی تەواودا بوو بۆ هێرشێکی ئاسمانیی فراوانی ئەمریکا دژی ئێران کە چاوەڕوان دەکرا شەوی رابردوو ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر تەلئەڤیڤ تێگەیشتووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاشەکشەی لە بڕیارەکە کردووە و دوایین دەرفەتی داوەتە تاران پێش دەستپێکردنی بۆردوومانەکان.

راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە عومان و قەتەر فشاری زۆر توندیان خستووەتە سەر بەرپرسانی ئێران تاوەکو نەرمی بنوێنن پێش ئەوەی هێرشە سەربازییەکان دەستپێبکات. لە ئەنجامی ئەم نێوەندگیرییە چڕەشدا، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 13 شەوی رابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ هێرشێکی نوێی دژی ئێران رانەگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی دۆخی دۆناڵد ترەمپی بەم شێوەیە وەسف کردووە: "ترەمپ نەیەوێت هێرش بکات، و تەنیا لەبەر ئەوە بەرەو ئەم بڕیارە دەچێت چونکە هەست دەکات هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نەماوە."

سەرەڕای ئەم دواخستنەش، هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە؛ بەرپرسانی ئیسرائیلی پێیان وایە کە چانسی گەیشتن بە رێککەوتنێکی راستەقینە و هەمیشەیی لەگەڵ ئێراندا سفرە، و ئەوەی تاران لەم چەند کاتژمێرەدا ئەنجامی داوە تەنیا کڕینی کاتی زیاتر بووە بۆ خۆی تا لە هێرشەکان دوور بکەوێتەوە.