حووسییەکان هەڕەشەی چڕکردنەوەی گەمارۆی دەریایی دەکەن
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، هێزەکانیان لە وەڵامی بۆردوومانەکانی هاوپەیمانیی عەرەبیدا بۆ سەر بەندەری حودەیدە، دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێیان دژی دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی لە جیزان و یەنبۆ بە دەیان مووشەکی بالیستی و درۆن ئەنجامداوە.
شەممە 25ی تەممووزی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن (حووسییەکان)، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هێزەکانیان بە توندی وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردووی هاوپەیمانیی عەرەبییان داوەتەوە بۆ سەر پارێزگای حودەیدە، بەندەری شارەکە و دوورگەی "کەمەران".
ئاماژەی بەوە کرد، هێزە چەکدارەکانیان لە پێناو پاراستنی خاکی یەمەندا دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش و هاوکارییان دژی قووڵایی خاکی سعوودیە ئەنجامداوە، لەوانە، ئامانجگەلێکی هەستیار و وێستگەکانی سەر بە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی "ئارامکۆ"ی سعوودی لە ناوچەی جیزان کردووەتە ئامانج، بە بەکارهێنانی دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر؛ هەروەها پێگە و ئامانجگەلێکی گرنگی کۆمپانیای ئارامکۆی لە ناوچەی پیشەسازیی یەنبۆ بۆردوومان کردووە، بە بەکارهێنانی زنجیرەیەک مووشەکی بالیستی، کروز و درۆنی بۆمبڕێژکراو.
گوتەبێژی حووسییەکان جەختی کردەوە، هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە بە تەواوی و بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی خۆیان بە رێژەیەکی ورد پێکاوە، و هۆشداری دا، سوپای یەمەن بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر کەشتییەکانی سعوودیەدا وەک وەڵامێک بۆ تێکدانی ژێرخانی یەمەن.
هەروەها هەڕەشەی کرد، ئەوان لەسەر بنەمای هاوکێشەی گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ، و پەرەسەندن بەرامبەر بە پەرەسەندن سڵ ناکەنەوە و رێکارەکانیان لە رۆژانی داهاتوودا بەپێی پێشهاتەکان فراوانتر دەکەن.
دوێنێ شەو، بەندەری حودەیدەی یەمەن و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی حووسییەکان رووبەڕووی زنجیرەیەک بۆردوومانی قورسی ئاسمانی بوونەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی گواستنەوەی سعوودیە رایگەیاندبوو کەشتییەکی بازرگانیی وڵاتەکەیان بە ناوی "NCC MASA" لە دەریای سووردا کراوەتە ئامانج.