نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی سووریا دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە سووریا کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی 65 کەس، لە پەیامێکدا سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی گەل و حکوومەتی سووریا کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ گەل و حکوومەتی سووریا دەربڕی، بەهۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی و کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە رووداوێکی هاتووچۆدا.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی رووداوە دڵتەزێنەکەی هاتوچۆمان لە سووریا پێگەیشت، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی کە زۆربەیان لە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بوون."

نێچیرڤان بارزانی هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانیان دەربڕیوە و نووسیویەتی: "لێرەوە سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە، کەسوکاری قوربانییان و حکوومەتی سووریا دەکەین."

دەشڵێت: لە خوای گەورە داواکارین کۆچکردووان بە بەزەیی و رەحمەتی فراوانی خۆی شاد بکات و جێگەیان بەهەشتی بەرین بێت، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ سەرجەم بریندارەکان دەخوازین.

ئەمڕۆ، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو پاس لەسەر رێگای دێرەزوور – دیمەشق، 35 کەس گیانیان لەدەستدا و 30 کەسی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە دابوو، رووداوەکە لە نێوان پاسێکی گواستنەوەی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسێکی مەدەنیدا بووە، قوربانی و برینداری زۆری لێکەوتووەتەوە، وەزارەتەکە هاوخەمی خۆی بۆ ئەو رووداوە مەرگهێنەرە دەربڕی.

رێگای "دێرەزوور - دیمەشق" لە ناوخۆی وڵاتدا بە رێگای مەرگ ناسراوە، ئەمەش بەهۆی زۆریی رووداوەکانی هاتوچۆ لە ساڵانی رابردوودا؛ چونکە رێگاکە تەسکە و تەنیا یەک سایدی چوون و هاتنی هەیە بێ ئەوەی هیچ بەربەستێک لە نێوانیاندا هەبێت، جگە لە بوونی چاڵ و درز و داڕمانی ژێرخانی رێگاکە.