سعوودییە و پاکستان جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان دەکەنەوە

وەزیرانی دەرەوەی سعوودییە و پاکستان، جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و راوێژکارییە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان لە ناوچەکەدا.

شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، پێشهات و دۆخی گشتیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هەردوو وەزیر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی، راوێژکاری و خستنەگەڕی هەوڵەکان کردەوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی پەرەسەندنی سەربازی و کۆنترۆڵکردنی گرژییە ناوچەییەکان.

هەردوولا پێداگرییان لەسەر پێویستیی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتیی رێڕەوە ئاوییەکان و گەشتی دەریایی لە ناوچەی کەنداو و دەریای سووردا کرد، بە شێوەیەک کە پاڵپشتی لەو هەوڵانە بکات کە ئامانجیان گەیشتنە بە چارەی ئاشتییانە و گشتگیر بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

هاوکات، لە کاتی گفتوگۆکانیاندا، تیشکیان خستە سەر رۆڵی گرنگی کارکردنی دیپلۆماسیی هاوبەش لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان؛ ئاماژەیان بەوەش کرد، کە پاراستنی گەشتی دەریایی کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەقامگیریی ئابووریی جیهانی.

پێشتر وڵاتانی پاکستان و قەتەر، نێوەندگیرییان لە رێککەوتنێکی کاتیدا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا کردبوو لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، بە ئامانجی کۆتایهێنان بە جەنگێکی دوو مانگە کە ئیسرائیلیش تێیدا بەشدار بوو.