ناتانیاهۆ بۆ دۆسیەی ئێران دەچێتە واشنتن
رادیۆی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حکوومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ بڕیار دەدات باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا تاوەکو 11ـی ئاب درێژ بکاتەوە. ئەم بڕیارەی حکوومەت لە کاتێکدایە، گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی دۆخی ئێران و لوبنانەوە رووی لە زیادبوون کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە سبەی دووشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە سەردانێکی فەرمی بەرەو واشنتن بەڕێبکەوێت.
هەر بەگوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، ناتانیاهۆ رۆژی سێشەممە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبن بە تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
پێشتر رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چوارچێوەی جووڵە دیپلۆماسیدا بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەرەو واشنتن بەڕێبکەوێت، بە ئامانجی کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ناتانیاهۆ هەوڵدەدات لە کاتێکدا لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە کە ئەمریکا گەمارۆکانی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران نوێ کردووەتەوە. هەرچەندە پەیوەندییەکان بۆ رێکخستنی ئەم دیدارە بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە جێگیر نەکراوە.لە کاتێکدا نووسینگەی ناتانیاهۆ لە هەفتەی رابردووشدا هەوڵێکی هاوشێوەی دابوو، بەڵام ئەنجامی نەبوو.
دواین کۆبوونەوەی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ لە 11ـی شوباتی رابردوو لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی بەڕێوەچوو.
رۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ناتانیاهۆ بۆ پەلەکردن لەم دیدارە، کارکردنە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو متمانەیەی کە بەهۆی جەنگەکەی 28ـی شوبات لەگەڵ ئێران درزی تێکەوتووە.