ئیسرائیل دروستکردنی سەدان یەکەی نوێی نیشتەجێبوون لە باشووری نابلس رادەگەیەنێت

بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازی دروستکردنی 763 یەکەی نوێی نیشتەجێبوونە لە نیشتەجێگەی عێلی کە دەکەوێتە باشووری شاری نابلس لە کەناری رۆژئاوا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی 14ـی ئیسرائیل، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پلانێکدایە، ئامانج لێی سێ هێندە کردنی قەبارەی نیشتەجێگەی عێلییە لە ساڵانی داهاتوودا، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ جێگیرکردنی هەزاران نیشتەجێبووی نوێ لەو ناوچەیەدا.

سمۆتریچ ئاماژەی بەوەش کردووە، پلانەکە تەنیا دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون ناگرێتەوە، بەڵکو پەرەپێدانی کێڵگەی کشتوکاڵی و دروستکردنی شارۆچکەی نوێ لەژێر چەتری ئەنجوومەنی نیشتەجێبوونی بنیامین لەخۆدەگرێت.

ئەم وەزیرە پێشتر لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئاشکرای کردبوو، حکوومەتەکەی لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە لە کۆتایی ساڵی 2022، رەزامەندی لەسەر دروستکردنی 104 نیشتەجێگەی نوێ و 160 بنکەی نیشتەجێبوونی کشتوکاڵی لە سەرانسەری کەناری رۆژاوا داوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی بتسێلم، ئێستا نزیکەی 750 هەزار نیشتەجێبووی جوو لە 141 نیشتەجێگە و 224 بنکەی نیشتەجێبوونی بچووک لە کەناری رۆژاوا و قودسی رۆژهەڵاتدا نیشتەجێن.