عێراقچی: دوای جەنگ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بونیاد دەنێینەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەمووزی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە قرغیزستان، وردەکاریی نوێی لەسەر هۆکارەکانی پەککەوتنی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن لەبارەی گەرووی هورمز، دۆخی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دوای جەنگی 40 رۆژە و دۆسیەی بابولمەندەب ئاشکرا کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەو رەخنانەی کە ئاراستەی بەندی پێنجەمی رێککەوتنامەی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکرێن سەبارەت بە بوونی ناڕوونی لە دەقەکەیدا، رایگەیاند "لە روانگەی ئێمەوە ئەم بەندە زۆر روونە، تێیدا هاتووە کە ئێران رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی مانگێکدا بکرێتەوە؛ دیاریکردنی ئەم ماوەیەش بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی پاککردنەوەی مینەکان بووە."
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی رێککەوتنەکە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ماوەی 60 رۆژ بە خۆڕایی دەبێت و دواتریش ئێران و عومان لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی داهاتووی گەرووەکە گفتوگۆ دەکەن.
عێراقچی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی تەنیا 10 رۆژ دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، پابەندییەکانی پێشێل کردووە. ئەو گوتی "دەستەواژەی 'ئێران رێوشوێن دەگرێتەبەر، بەو مانایەیە کە تاران خۆی رێڕەوی هاتوچۆ دیاری دەکات، بەڵام ئەمریکییەکان رێڕەوێکی دیکەیان لە باشوورەوە کردەوە و کەشتییەکانیان هاندا لەوێوە بڕۆن، لە کاتێکدا دەزانرا ئەو رێڕەوە خاوتر و مەترسیدارتر بوو."
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بە ئامانجی لاوازکردنی سەروەری و بەڕێوەبردنی ئێران بووە بەسەر گەرووی هورموزدا. ئاشکراشی کرد، تەنانەت دوای چەند پێکدادانێک، لە سویسرا بڕیاری دروستکردنی "هێڵی پەیوەندی" درا بۆ رێگریکردن لە تێگەیشتنی چەوت، بەڵام ئەمریکا بەردەوام بوو لە هاندانی کەشتییەکان بۆ لادان لەو رێڕەوەی ئێران بەهۆی لایەنی ئەمنییەوە دەستنیشانی کردبوو.
سەبارەت بە دۆخی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت ئیمارات، قەتەر و سعوودیە دوای "جەنگی 40 رۆژە"، عێراقچی دانی بە بوونی جۆرێک لە ساردی و گرژیدا نا، بەڵام روونی کردەوە "ئێمە لەو جەنگەدا تەنیا بنکە و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکامان لە چوارچێوەی بەرگریی رەوادا کردە ئامانجی هێرشەکانمان."
عێراقچی گوتیشی، لە کاتی جەنگەکەدا ئاسانکاری یان خاکی هەندێک لەم وڵاتانە لەلایەن ئەمریکاوە دژی ئێران بەکارهاتووە، بەڵام جەختی کردەوە "ئێستا تێگەیشتنێکی هاوبەش لە ناوچەکەدا هەیە کە کردەوەکانی ئێران لە سۆنگەی دوژمنکارییەوە نەبووە بۆ سەر دراوسێیەکانی، دوای خاوبوونەوەی گرژییەکان، پێویستمان بە قۆناخێکی متمانەسازیی دوولایەنە هەیە، چونکە ئێمە هاوسێین و ئاسایشیش بە کڕین لە هێزە دەرەکییەکان دابین ناکرێت."
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران تیشکی خستە سەر دۆخی گەرووی بابولمەندەب و رایگەیاند، کێشەکانی ئەم ناوچەیە رەگ و ریشەی کۆنیان لە ململانێکانی نێوان یەمەن و سعوودیەدا هەیە و راستەوخۆ پەیوەندییان بە ئێرانەوە نییە.
عێراقچی جەختی کردەوە، هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ پرسی یەمەن بوونی نییە و تەنیا رێگە گفتوگۆیە، راشیگەیاند "ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ یاریکردنی رۆڵێکی ئەرێنی لە گفتوگۆکانی نێوان یەمەن و سعوودیە پێشانداوە. پرسی یەمەنیش لە رێگەی دیپلۆماسییەوە شیاوی چارەسەرکردنە."