ئازیتا زارعی گۆرانی "تەزان"ـی بڵاوکردەوە

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، ئازیتا زارعی، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "تەزان"، لە تێکستی سەهین موفتی پێشکەشکاری کوردستان24 بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی تەمموزی 2026، سەهین موفتی، پێشکەشکاری کوردستان24، دەربارەی تێکستەکە و گوتنەوەی لەلایەن ئەو خانمە هونەرمەندە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو گۆرانییە من تێکستەکەم بۆداناوە و ئەفشین شوکری ئاوازی موزیکەکەی بۆ داناوە و ئەو بەرهەمە بە هاوکاریی ژمارەیەک لە هونەرمەندان و داهێنەرانی ناوچەی کوردستان ئامادەکراوە و لە نێوان هەولێر، سنە و مەهاباد بەرهەم هاتووە. ئەم هاوکارە هونەرییە وەک نمونەیەک لە یەکگرتنی توانا داهێنەرییەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەبینرێت."

 سەهین موفتی گوتیشی، "تێکستی گۆرانییەکە هاوشێوەی چیرۆکی خۆشەویستییەکە دوای لێکجیابوونەوەی دوو کەس دەگێڕێتەوە؛ چیرۆکێک، تێیدا هەستی بەتاڵبوون و نەگونجان لەگەڵ شوێنگرتنەوەی کەسێکی دیکە دەخرێتەروو."

سەهین موفتی باس لە گرنگیی تێکستەکە دەکات و دەڵێت، "ئەو تێکستە پێشتر نووسیبووم، بەڵام بۆ ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی نوێ دامڕشتووە تا لە زمانی ژنەوە پێشکەش بکرێت و هەست و سۆزی کارەکتەری ژن بە شێوەیەکی راستەوخۆ بگوازێتەوە."

ئازیتا زارعی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی کەنەدایە. بەرهەمەکانی پێشتری بە فارسی بۆ دۆزی کورد چڕیوە، چەند گۆرانییەکی هونەرمەندانی وەکو  عەباسی کەمەندی و عەدنان کەریمی گووتۆتەوە، بەڵام وەک بەرهەمی خۆی، ئەمە یەکەمین بەرهەمێتی.