مەسرور بارزانی: سوورین لەسەر نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی دەستەکەیان لە ماوەی رابردوودا خستەڕوو. لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی بەهێزترکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاری نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتیی کرا.
وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "سەرۆکی حکوومەت وێڕای دووپاتکردنەوە لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئامادەیی حکوومەتیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکاریی و هاوئاهەنگییەک لەگەڵ دەستەی دەستپاکی لەپێناو درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دووپات کردەوە".