پەیامێکی سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ ئەحمەد شەرع
سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی سەرۆکی سووریا کرد، بەبۆنەی ئەو رووداوە هاتوچۆیەی بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان کەس.
بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی پرسە و هاوخەمیی خۆی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا راگەیاند بۆ رووداوە هاتوچۆیە دڵتەزێنەکەی دوێنێی ئەو وڵاتە کە تێیدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.
رۆژی شەممە، 25ی تەممووزی 2026، رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگای سەرەکیی نێوان دێرەزوور و دیمەشق بەهۆی پێکدادانی دوو پاس رووی دا. یەکێک لە پاسەکان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریای دەگواستەوە و ئەوی دیکەشیان هاووڵاتییانی مەدەنیی تێدابوو.
بەگوێرەی ئامارەکان، لەو رووداوەدا 35 کەس گیانیان لەدەست داوە و 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای رووداوەکە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و فەرمانی کرد بە تەرخانکردنی تەواوی تواناکان بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییەکان و گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان.
دەستبەجێ تیمەکانی فریاگوزاری و چەند کۆپتەرێکی سەربازی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران بۆ رزگارکردنی قوربانییەکان و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی سەربازی لە حومس.
بەپێی زانیارییەکان هۆکاری رووداوەکە بۆ کێشەیەکی تەکنیکی لە سوکانی یەکێک لە پاسەکان دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەست داوە و رووداوە کارەساتبارەکەی لێ کەوتووەتەوە.