سەرۆک بارزانی و کونسوڵی بەریتانیا دواپێشهات و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر کرد کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو. لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامی و پێشخستنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرایەوە، هاوکات دواپێشهات و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە تاوتوێ کران.

بارەگای بارزانی، راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئەندرو بیزلی کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و بۆ مالئاواییکردن سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی و خەڵکی هەرێمی کوردستان راگەیاند کە هەمیشە پاڵپشتیان بوونە لە ئەرک و کارەکەیدا.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەندرو بیزلی جەختی لە گرنگی بەردەوامی و پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە. هەروەها هیوای سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی بەردەوامی بۆ هەرێمی کوردستان خواست.

بارەگای بارزانی دەشڵێت: هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی کونسوڵی گشتیی بەریتانیای لە هەولێر کرد بۆ ئەرکەکانی لە ماوەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا، هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەو پەیوەندییە مێژوویانە کردەوە کە لە نێوان گەلی کوردستان و بەریتانیا هەبووە و سوپاس و پێزانینی بۆ گەل و حکوومەتی بەریتانیا هەبوو لەمەڕ هەڵوێستە مێژووییەکانیان بەرانبەر گەلی کوردستان.

هاوکات لە دیدارەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و ئەندرو بیزلی باردودۆخی سیاسیی ناوچەکە و دواپێشهات و ئالنگارییەکان تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.