ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس: دەبێت سەرجەم سزاکانی سەر سووریا لاببرێن
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆتایی گەشتە دوو رۆژییەکەیدا بۆ دیمەشق، داوای لادانی خێرای سەرجەم ئەو سزایانە مێژووییانەی کرد کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لادراودا بەسەر سووریادا سەپێنرابوون، تاوەکو رێگە بۆ بووژانەوەی کەرتی ئابووریی هاووڵاتییان خۆش ببێت.
یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی گەشتە دوو رۆژییەکەیدا بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هاوسۆزی و هاوبەشیی نەگۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ گەلی سووریا لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا دووپاتکردەوە.
گوتێرێس رایگەیاند: "من پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکەم کە بووەتە هۆی ئاسانکردنی گەمارۆکان و رەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ بوژانەوەی ئابووری، بەڵام دەبێت سەرجەم ئەم سزایانە بە زووترین کات و بە فەرمی لاببرێن." جەختی کردەوە، نابێت گەلی خۆڕاگری سووریا تەنیا بەجێبهێڵدرێت بۆ چاککردنەوەی زیانەکانی جەنگ، بەڵکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە هاوکاریان بێت.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان روونیکردەوە، ئەرکی سەرەکی ئێستا بریتییە لە گۆڕینی پڕۆسەی گواستنەوەی سیاسی بۆ باشترکردنی راستەقینەی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان، تاوەکو هەموو سوورییەک هەست بکات کە هاوبەشێکی راستەقینەیە لە بنیاتنانی داهاتووی وڵاتەکەیدا.
گوتێرێس گوتیشی: "ئێمە بە باشی لەو کارەسات و ئازارانە تێدەگەین کە گەلی سووریا لە ساڵانی رابردوودا پێیدا تێپەڕ بووە، بەڵام ئەمە ئیرادەی ئەوانی بۆ بەدیهێنانی خواستە رەواکانیان نەشکاندووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هاوبەشێکی نەگۆڕ دەبێت لەم رێگەیەدا."
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گۆتێرێس جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی خاکی سووریا کردەوە و رایگەیاند، هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکە قبووڵنەکراوە، و هۆشداری دا بە ئیسرائیل کە بە تەواوی پابەندی رێککەوتننامەی نێوانیان بێت لەسەر لێکجیابوونەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974دا.