ئاندی بێرنھام: رووبەڕووی ترەمپ دەبمەوە

سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ دژایەتیکردنی بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەگەر ئەوە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا بێت، جەختی کردەوە، پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بەریتانیا لە سەرووی هەموو کارە لەپێشینەکانییەتی.

یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، ئاندی بێرنھام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، لە یەکەم چاوپێکەوتنی فراوانیدا دوای وەرگرتنی پۆستەکەی راگەیاند، گفتوگۆیەکی بەرھەمداری لەگەڵ ترەمپدا هەبووە و زۆر دۆستانە بووە، بەڵام کاتێک دووجار پرسیاری لێکرا کە ئایا متمانەی بە سەرۆکی ئەمریکا هەیە، بێرنھام وەڵامێکی راستەوخۆی نەدایەوە و گوتی: "جیھان دەگۆڕێت، وایە؟ پێویستە بەپێی گۆڕانکارییەکان مامەڵە لەگەڵ کاروباره‌کاندا بکەین."

سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد: "لە هیچ کاتێکدا ناتوانم بڵێم کە بیروڕای جیاوازم لەگەڵ ترەمپ نابێت، یان پێویستم بە دەربڕینی بیرۆکەیەکی جیاواز نابێت ئەگەر لە بەرژەوەندی بەریتانیادا بێت." گوتیشی: "هێزی من لەوەدایە کە لە پەیوەندییەکی نزیکدا بم لەگەڵ خەڵک و جەماوەر، ئەمەش وەک سەرۆکوەزیران ناگۆڕێت."

سەبارەت بەوەی ئایا بە ئاشکرا رووبەڕووی ترەمپ دەبێتەوە یان نا، بێرنھام گوتی: "بێگومان، پێویستە بەرگری لە بەرژەوەندی نیشتمانی خۆت بکەیت پێش هەر شتێکی تر، چونکە ئەم ئەرکە ئەوەت لێ دەخوازێت."

بۆ یەکەمجار، بێرنھام بە روونی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پێش ساڵی 2029ـی رەتکردەوە و رایگەیاند: "پێموانییە خەڵک هەڵبژاردنی پێشوەختەیان بوێت، سەرنجی ئێمە لەسەر گەڕاندنەوەی وڵاتە بۆ ئەو شوێنەی کە شایستەیەتی."

لە لایەکی دیکەوە، بێرنھام کە هەفتەی رابردوو جێگەی کییەر ستارمەری گرتەوە، هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ بەڵێنی حکوومەتەکەی سەبارەت بە بەرزکردنەوەی خەرجییە بەرگرییەکان بۆ 3%ـی کۆی داهاتی نیشتمانی دەستنیشان نەکرد، بەڵام گوتی: "رووبەرووبونەوەی یەکەممان دابینکردنی بودجەی تەواوە بۆ پلانی وەبەرھێنانی بەرگری."

بێرنھام نیگەرانی خۆشی نیشان دا سەبارەت بە ئەگەرەکانی دەسپێکردنی ململانێ لەلایەن ترەمپەوە لەگەڵ ئێران و گوتی "کەمتەرخەمی ناکات لە گوتنی ئەوەی کە پێی وایە راستە."

ئاندی بێرنھام بووە حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە دوای ساڵی 2016ـەوە، دوای ئەوەی رۆژی هەینی وەک رێبەری پارتی کرێکاران دەستنیشانکرا، ناوبراو تەنها کاندیدی ئەو پۆستە بوو و پشتیوانی 379 پەرلەمانتاری لە کۆی 403 پەرلەمانتاری پارتەکەی لە ئەنجوومەن بەدەستهێنا.