عەزم و ئەترووشی لەسەر پاراستنی سەقامگیری و کاراکردنی دیالۆگی نیشتمانی هاوڕان

هاوپەیمانیی عەزم و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات.

یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، دەستەی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی عەزم، لە بارەگای سەرەکیی خۆی لە بەغدا، پێشوازی لە فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، لە کۆبوونەوەی نێوانیان کۆمەڵێک پرسی نیشتمانی و دۆسیەی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران،

بە پێی راگەیەنراوی هاوپەیمانییەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەسەر دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی گۆڕەپانی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا. هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان کردەوە، بە شێوازێک کە ببێتە مایەی پاڵپشتیکردنی کار و چالاکییەکانی دامەزراوە دەستوورییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییەکان بە رۆحیەتێکی بەرپرسیارانەوە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر چەندین بابەت کە پەیوەستن بە قۆناخی داهاتووی وڵاتەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن وەک بنەمای فەرمی بۆ چارەکردنی کێشە نیشتمانییەکان بەکار بهێنرێن، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی بکات و سەقامگیریی عێراق بەهێزتر بکات.