پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ تاوتوێ دەکات

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، هەمواری یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ تاوتوێ دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەمموزی 2026، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی خالید عوبەیدی و ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە کۆبووەوە. تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژه‌ پێشنیازی دووەمی هەمواری یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەی ماددە یاساییەکان خرانە روو، کە ئامانج لێیان پەرەپێدانی ئەو یاسایانەیە، کە کاروباری خزمەت و مافی خانەنشینیی کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ رێکدەخەن.

لیژنەی ناوبراو جەختی لەسەر بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی کردەوە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەی ورد و ئامادەکردنی داڕشتنی کۆتایی پڕۆژەیاساکە، بە مەبەستی گرتنەبەری رێکارە یاساییە پێویستەکان و پێشکەشکردنی بۆ پەسندکردن لە نێو هۆڵی پەرلەماندا.