ئەحمەد ئەنوەر: 160 کەیسی سپیکردنەوەی پارە رەوانەی دەستپاکیی هەرێم کراون

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوامە و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 160 کەیسی سپیکردنەوەی پارە رەوانەی دەستەکەیان کراوە. دەشڵێت "پەککەوتنی پەرلەمان گرفتی گەورەی بۆ کارەکانمان دروست کردووە."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (باسی ڕۆژ)ـی کوردستان24 رایگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی دەکاتەوە و بڕیار وایە پرۆسەی چاودێری و بەدواداچوون لە ناو دامودەزگاکانی حکوومەتدا فراوانتر بکرێت."

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ئاماژەی بەوە کرد، بنبڕکردنی گەندەڵی کاروانێکی درێژە، بەڵام هەڵدانەوەی کەیسەکان بە رێژەی 30% زیادی کردووە. گوتیشی "تا کۆتایی ساڵی رابردوو نزیکەی هەزار دۆسیەی گەندەڵی لەلامان هەبووە، بەڵام دەستەکەمان پێویستی بە میلاک و کارمەندی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانین کارەکانمان بە باشی راپەڕێنین، چونکە لە چەند پارێزگایەک و ئیدارە سەربەخۆکان فەرمانگەی دەستپاکیمان نییە."

حاکم ئەحمەد ئەنوەر باسی لە ئاستەنگەکان کرد و گوتی "کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان گرفتێکی گەورەی بۆ کارەکانمان دروست کردووە، چونکە دەستەی دەستپاکیی پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاساکەی هەیە لە ناو پەرلەمان تاوەکو بتوانێت بەگوێرەی پێویستییەکانی قۆناغەکە کار بکات."

لەبارەی سپیکردنەوەی پارە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد "لە ماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی 160 کەیسی سپیکردنەوەی پارە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە رەوانەی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کراون بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت."

ئەوەشی خستە روو کە زۆربەی ئەو کەیسانە پەیوەندییان بە چۆنیەتی بەکارهێنانی "ماستەرکارت" و راکێشانی بڕە پارەی زۆر و نادیاربوونی سەرچاوەی داراییەوە هەیە.

 حاکم ئەحمەد ئەنوەر جەختی لەوە کردەوە کە هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لەو دۆسیانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە.