پووتین: ئۆکرانیا زوو بێت یان درەنگ زۆربەی خاکەکەی لەدەست دەدات
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئۆکرانیا زوو بێت یان درەنگ خاکە رۆژئاواییەکانی لەدەست دەدات و جەختیشی کردەوە، رووسیا تاکە زامنکەرە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا.
پووتین لە میانی وتەیەکدا کە بۆ دەریاوانانی هێزی دەریایی رووسیا لە شاری سانت پترسبۆرگ پێشکەشی کرد، گوتی: "دڵنیام ئۆکرانیا زوو بێت یان درەنگ ئەو خاکە رۆژئاواییانە لەدەست دەدات؛ رەنگە ئەمە سبەی یان دووسبەی روونەدات، بەڵام دوای ساڵێک، دوو ساڵ، یان تەنانەت ١٥ ساڵی تریش بێت، مێژوو هەموو شتێک دەخاتەوە شوێنی راستەقینەی خۆی."
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵاتدارانی کیێڤ وای دەبینن، بەرژەوەندییان لەوەدایە رووسیا وەک دوژمن بناسێنن، ئەمەشی بە کارێکی بێمانا وەسف کرد.
پووتین هۆکاری هەڵگیرسانی ململانێکانی ئێستای بۆ کردەوە شەڕەنگێزەکانی رۆژئاوا گەڕاندەوە و گوتی: "هاوپەیمانی ناتۆ بەردەوام بوو لە فراوانبوون بەرەو رۆژهەڵات تا گەیشتە ئۆکرانیا. کاتێک سەرۆکی ئەو کاتەی ئۆکرانیا داوای چوونە ناو یەکێتی ئەوروپای دەکرد بەڵام دژی چوونە ناو ناتۆ بوو، رۆژئاوا کودەتایەکی خوێناوی و نادەستوورییان ئەنجامدا."
پووتین رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا گرت و رایگەیاند، ئەوان وا خۆیان نیشان دەدا، هەموو شتێک ئاساییە، لە کاتێکدا ئەو هەنگاوانە ساڵ لە دوای ساڵ گرژییەکانیان زیاد کرد تا گەیشتە ئەم جەنگەی ئەمڕۆ.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی رووسیا لە پەراوێزی بەشداریکردنی بوو لە چالاکییە فەرمییەکانی رۆژی هێزی دەریایی رووسیا لە شاری سانت پترسبۆرگ، تێیدا گوێبیستی راپۆرتی فەرماندەکانی هێزی دەریایی وڵاتەکەی بوو.