لە بەغدا پارێزەران دژی رێگرییەکانی بەردەم کارەکانیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن

پارێزەر زیا مەنسووری بە کوردستان24ی رایگەیاند، بەهۆی بوونی رێگری و بەربەستی نایاسایی لە فەرمانگە حکوومییەکان و بەتایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی عێراق، پارێزەران رێکاری ناڕەزایەتی دەگرنە بەر. ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، پەنا بۆ مانگرتن و راگرتنی تەواوی کارەکانیان دەبەن.

پارێزەر زیا مەنسووری لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "لە عێراق بە گشتی و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە بەغدا بە تایبەتی، پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی پارێزەران دەکرێت و بە ئەنقەست رێگری لە کارەکانمان دەکرێت و کاتمان بەفیڕۆ دەدرێت، بۆیە وەک سەندیکای پارێزەران بڕیارمان داوە دەست بە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بکەین."

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوە کرد، پەیامی ئەوان بۆ هەموو دامودەزگا حکوومی و ناحکوومییەکان ئەوەیە کە نابێت کارەکانی پارێزەران پشتگوێ بخرێت یان پەک بخرێت، گوتیشی: "بەگوێرەی ماددەی 26 لە یاسای پارێزەرایەتی، حکوومەت و فەرمانگەکان پابەند کراون بەوەی کارئاسانی تەواو بۆ پارێزەران بکەن، چونکە پارێزەر ئەرکێکی گشتی جێبەجێ دەکات و دەبێت بە شێوەیەکی شایستە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."

هاوکات، ژمارەیەکی زۆر لە پارێزەران لە بارەگای سەندیکای پارێزەرانی عێراقەوە بەرەو وەزارەتی بازرگانی بەڕێکەوتن، بۆ ئەوەی لەوێ ناڕەزایەتی دەرببڕن و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز بکەن. بەپێی زانیارییەکان، پارێزەران بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەدەن کە لە هەندێک دامودەزگای حکوومەتدا داوای بەرتیلیان لێ دەکرێت، ئەمەش وەک یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم کارەکانیان ناودەبەن و داوای بنبڕکردنی گەندەڵی دەکەن بۆ ئەوەی چیتر کێشە بۆ کارەکانیان دروست نەبێت.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوویان، زیا مەنسووری جەختی کردەوە: "ئەمڕۆ گردبوونەوەکەمان بە شێوەیەکی هێمنانەیە، بەڵام دوای ئەوە خۆپیشاندانی فراوانتر دەکەین و ئەگەر وەڵاممان نەدرێتەوە، پەنا بۆ مانگرتن و راگرتنی تەواوەتی کارەکانمان دەبەین."