نادر روستی کتێبی "رەهەندەكانی هزری پەرەپێدانی گەشتوگوزار"ـی بڵاو کردەوە
نووسەر و شارەزای بواری گەشتوگوزار نادر روستی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، نوێترین بەرهەمی خۆی لە ژێر ناونیشانی "رەهەندەكانی هزری پەرەپێدانی گەشتوگوزار" بڵاوکردەوە، ئەم کتێبە وەک شەشەمین بەرهەمی چاپکراوی نووسەر هەژمار دەکرێت و تایبەتە بە ستراتیژییەت و پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان.
ناوەڕۆکی ئەم کتێبە پێنج بەشی سەرەکی لەخۆدەگرێت و تێیدا کۆمەڵێک هزر و بیرۆکەی نوێ خراونەتەڕوو کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دەتوانن لە کارەکانیاندا سوودی لێ ببینن، بەتایبەت کە سێ کتێبی کۆتایی ئەم نووسەرە تیشک دەخەنە سەر داهێنانی بیرۆکەی نوێ بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی گەشتیاری.
لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا، نووسەر بە وردی تیشکی خستووەتە سەر لایەنی مێژوویی سەرهەڵدانی گەشتوگوزار لە عێراق و هەرێمی کوردستان و بەراوردکارییەکی کردووە لە نێوان گرنگیدانی دەسەڵاتەکانی رابردوو و ئەو گۆڕانکارییانەی دوای ساڵی 2005 لەم کەرتەدا روویانداوە، هاوکات باس لە پێشکەوتنە کارگێڕییەکانی گەشتوگوزار دەکات لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.
لە بەشەکانی دیکەی کتێبەکەدا، نادر روستی جەخت لەسەر هۆشیاریی گەشتیاری و شێوازی گەشەپێدانی بیرکردنەوەی گەشتیاری دەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەر ئەم کەرتە، جگە لەوەی لە رووی ئابوورییەوە رێکارەکانی زیادکردنی داهات و گرنگی جۆری ئەو گەشتیارانە رووندەکاتەوە کە دەبنە سەرچاوەی ئابوورییەکی بەهێز بۆ وڵات.
هەروەها کتێبەکە لە بەشەکانی کۆتاییدا باس لەو بنەما گەشتیارییە فەرامۆشکراوانە دەکات کە پێشتر سوودیان لێنەبینراوە و چۆنیەتی بەگەڕخستنیان دەخاتە روو، لەگەڵ پەرەپێدانی چەند بوارێکی جیاواز کە گرنگییان بۆ کەرتەکە هەیە. ئەم بەرهەمە نوێیە بە دوو پاشکۆی وێنەیی دەوڵەمەند کراوە؛ پاشکۆی یەکەم تەرخانکراوە بۆ کار و چالاکییە مەیدانییەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری گەشتوگوزاردا، و پاشکۆی دووەمیش تایبەتە بە گەشت و گەڕانە مەیدانییەکانی خودی نووسەر، لە کۆتاییدا بە لیستێکی دەوڵەمەند لە سەرچاوە زانستییەکان کتێبەکەی سەرەنجام داوە.