بڕیارەکانی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و سامانە سروشتییەکان لەبارەی نرخی بەنزین
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی راسپارد، لە زووترین کاتدا، چارەسەری ئەم بابەتە بکەن بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دران:
1. نرخی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتەوە، بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت و لەسەر ئەو بەنزینخانانە دابەش بکرێت کە پابەندن بە رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و جۆری بەنزین.
2. پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و محەسەن) بکرێت كه گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی هەرێم و رێگریش بکرێت له قازانجى ناڕەوا. هەروەها ئاسانکاریش بکرێت بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بەکار دەهێنرێن.
3. داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین، رێژەی پێویستی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان، ئێستا 50 هەزار بەرمیلە، زیاد بکات بۆ 126.7 هەزار بەرمیل بە پێی رێژەی %12.67ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە دیاریکراوە.
4. رێگریی لە قۆرخکاریی لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزین بکرێت.