چین و ئەمریکا شەڕی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد دەکەن
حکوومەتی چین بە فەرمی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری ژیریی دەستکردی (AI) تۆمەتبار کرد بەوەی مۆدێلە چینییەکانیان بۆ مەشقپێکردنی سیستمەکانی خۆیان بەکارهێناوە.
دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، حکوومەتی چین بە فەرمی رایگەیاند، بەشێک لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە بوارەکانی ژیری دەستکرد کاردەکەن، زانیاری و تەکنەلۆژیای چینییان دزیوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریدەهێنن، ئەم هەنگاوەی بەیژینگ تەنها یەک رۆژ دوای ئەوە دێت. واشنتن هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر کۆمپانیا چینییەکاندا کرد بە تۆمەتی "دزینی تەکنەلۆژیای ئەمریکی".
وەزارەتی بازرگانیی چین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "وا دەردەکەوێت کە چەندین کۆمپانیای ئەمریکی لە پرۆسەکانی توێژینەوە، گەشەپێدان و مەشقپێکردنی سیستمەکانیاندا، مۆدێلی چینییان بەکارهێنابێت."
ئەم ناکۆکییە نوێیە پەیوەستە بە بەکارهێنانی تەکنیکی "پوختەکردن" (Distillation)، کە تێیدا مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد فێر دەکرێت چۆن لاسایی دەرەنجامەکانی مۆدێلێکی پێشکەوتووتر بکاتەوە بە مەبەستی باشترکردنی کاراییەکەی، لە کاتێکدا ئەم شێوازە لە کەرتی تەکنەلۆژیادا بە شێوەیەکی فراوان بەکاردێت، بەرپرسانی ئەمریکی کۆمپانیا چینییەکان تۆمەتبار دەکەن بەوەی ئەم رێگەیە بۆ کۆپیکردنی نایاسایی مۆدێلە ئەمریکییەکان بەکاردەهێنن.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی بازرگانیی چین جەختی کردەوە، تۆمەتەکانی ئەمریکا بێ بنەمان و دوورن لە راستی، هەروەها گوزارشت لە سیاسەتی دووفاقی و هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموون لە بواری ژیریی دەستکرددا دەکەن، چین راشیگەیاند، "هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ بەرگریکردن لە مافە رەواکانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی."
گرژییەکانی نێوان هەردوو جەمسەرە تەکنەلۆژییەکە دوای ئەوە زیاتر بوون کە هەفتەی رابردوو بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی کۆمپانیای "مونشۆت ئەی ئای"ی چینی تۆمەتبار کرد بەوەی بە شێوەیەکی نهێنی مۆدێلێکی کۆمپانیای "ئەنترۆپیک"ی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی مۆدێلی "کیمی کەی 3" بەکارهێناوە.
لە لایەکی دیکەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو ئاماژەی بە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر چیندا کرد، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان کە باس لەوە دەکەن واشنتن تاوتوێی قەدەغەکردن یان سنووردارکردنی ئەو مۆدێلە "سەرچاوە کراوە"یانە (Open Source) دەکات کە لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەرەیان پێ دراوە.