شاخەوان عەبدوڵڵا: کێشەی مووچە چارەسەر کراوە و بەنزینیش نرخەکەی دادەبەزێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، کۆمەڵێک هەنگاوی کردەییان ناوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە.
دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی، سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە بە مەبەستی رێکخستنی دانیشتنێک لە نێوان حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ، تاوەکو پێداویستییەکانی هەرێم دیاری بکرێت و نرخی هەر لیترێک بەنزین بۆ 450 دینار دابەزێنرێت، هاوکات گوتیشی: "بۆ ئەم هەنگاوە، هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی یاسایی بەهێزی هەیە کە ئەویش داتاکانی حکوومەتی عێراق خۆیەتی کە نادادپەروەریی تێدایە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆی 15 پارێزگاکەی دیکە بەکاردێت، ئەگەر پشکی هەرێم 14% بێت، دەبێت حکوومەتی عێراق رۆژانە نزیکەی 155 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەرێم رەوانە بکات، بەڵام لە ئێستادا تەنها 50 هەزار بەرمیل دەنێردرێت، کە ئەمەش زۆر کەمترە لەو بڕەی شایستەی هەرێمە."
شاخەوان عەبدوڵڵا روونی کردەوە، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 7 ملیۆن لیتر بەنزین، 2 ملیۆن لیتر گازوایل و 2 هەزار تۆن گاز هەیە، جەختیشی کردەوە، وەک فراکسیۆنی پارتی فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر وەزارەتی نەوت بۆ زیادکردنی ئەو رێژەیەی بۆ هەرێم دەنێردرێت، چونکە بەپێی دەستوور دەبێت سەروەت و سامانی وڵات بە یەکسانی بەسەر هەموو هاووڵاتیاندا دابەش بکرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکان هەنگاوی ئەرێنیی گەورەیان بڕیوە، گوتیشی، زەیدی بە راشکاوی ئارەزووی خۆی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان دەربڕیوە.
لە کۆتاییدا، شاخەوان عەبدوڵڵا دڵنیایی دایە فەرمانبەران و رایگەیاند: "بابەتی مووچە بڕیاری کۆتایی لەسەر دراوە و مانگانە بەبێ کێشە رەوانە دەکرێت، دڵنیاییش دەدەین کە مووچە هیچ بەربەستێکی لەبەردەم نەماوە و مانگانە لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت."