ئومێد سەباح: لەلایەن زەیدییەوە ئاماژەی باش بەرامبەر هەرێم هەیە

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر داوای مەسرور بارزانی کار بۆ بە دامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکرێت تاوەکو کێشەکان لە ڕێگەی دەستەیەکی هەماهەنگیی هەمیشەییەوە چارەسەر بکرێن. هاوکات ئاشکرای کرد، هەرێم ئامادەکاریی بۆ بودجەی 2027 کردووە بۆ جیاکردنەوەی مووچە لە مەلەفی بودجە و هەموارکردنەوەی خەرجییە نیشتمانییەکان، لە کاتێکدا داهاتی ناوخۆ بەهۆی جەنگی ناوچەکەوە بە توندی کەمبووەتەوە و ئامادەکاریش بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا و لادانی بازگەکانی نێوانیان بەردەوامە.

دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ بەرنامەی "باسی رۆژ"ی کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند: "لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراقدا هەماهەنگییەکی زۆر باشمان لە بوارە ئەمنی، کارگێڕی، دارایی و سێکتەرەکانی دیکەدا هەیە، ئەمەش بەهۆی لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هاتووە."

دامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا

ئومێد سەباح سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی شێوازی کۆنی پەیوەندییەکان و رایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بە تەواوی بکەینە دامەزراوەیی. ئەمەش لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە کە لە کۆتا سەردانەکەیدا بۆ بەغدا پێشکەشی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد، بە مەبەستی ئەوەی چیتر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە رێگەی لێژنەی کاتییەوە چارەسەر نەکرێن، بەڵکو بە شێوازێکی دامەزراوەیی بێت و لە رێگەی دامەزراندنی دەستەیەکی هەماهەنگیی هەمیشەیی بێت لە نێوان هەرێم و عێراقدا کە هەر سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان؛ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی عێراقیش پێشوازیی گەرمیان لەم بیرۆکەیە کرد."

ئاشکرای کرد، داوایان کردووە لە هەر چوار ئەنجوومەنی تایبەتمەندەکانی عێراق نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، و داواش کراوە کە ساڵانە یەک جار هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و عێراق کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدەن، و گوتی: "دەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لە قۆناخی کێشەکان دەربچین و بچینە قۆناخی سوودوەرگرتن لە دەرفەتە ستراتیژییەکان."

ئومێد سەباح جەختی کردەوە، هیوادارن لەم کابینە نوێیەی حکوومەتی عێراقدا، بە هیچ شێوازێک مامەڵەی سیاسی لەگەڵ داواکاری، خواست و مافە دەستوورییەکانی گەلی کورددا نەکرێت. ئاماژەی بەوەش دا، لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە ئاماژەی زۆر باش بینراوە، بە تایبەتی لە پرسی مووچە و دابینکردنی هاوکاری بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتی قەیرانی ئەم دواییەی گاز و نەوتدا.

یاسای بنەڕەتی (دەستوور) و شایستە داراییەکانی بودجەی 2027

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە زیانەکانی بودجەی رابردوو روونیکردەوە: "هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیاری دیاریکردنی یاسای بودجەی سێ ساڵە لە لایەن حکوومەتی پێشووی عێراقەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت، بە تێپەڕبوونی کاتیش دەرکەوت کە خودی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقیش لەم بڕیارەدا تووشی زیان بووەتەوە."

ئاشکرای کرد، ئێستا حکوومەتی عێراق خەریکی ئامادەکارییە بۆ داڕشتنی بودجەی ساڵی 2027. بۆ ئەم مەبەستەش، هەرێم شاندێکی فەرمیی دیاریکردووە بە بەشداریی وەزیرانی سامانە سروشتییەکان، دارایی و لیژنەی چاودێریی دارایی هەرێم؛ تاوەکو هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی کارا بەشدار بێت لە دیاریکردنی پشک و شایستە داراییەکان، بەرلەوەی پڕۆژەیاساکە ببرێتە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان.

ئومێد سەباح گوتی: "ئێمە بە فەرمی داوامان کردووە کە لە بودجەی ساڵی 2027دا بە شێوازێکی دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێت. گەورەترین کێشە لە یاسای بودجەی عێراقدا دۆسیەی 'خەرجییە باڵا نیشتمانییەکانە' (سیادی)، چونکە ئەو خەرجییانە لە پشکی گشتیی هەرێم و پارێزگاکان دەبڕدرێن؛ بۆیە پێویستە شێوازی داڕشتنی بودجەی عێراق بگۆڕدرێت تاوەکو بە شێوازێکی دادپەروەرانە پشکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، و بۆ ئەم مەبەستەش لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ورد و تۆکمەمان ئامادە کردووە."

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: "بەپێی دەستوور پێویستە هەرێمی کوردستان پشکی دادپەروەرانەی لە داهاتی گشتیی وڵاتەکەدا هەبێت. ئەگەر کارەکان بەپێی دەستوور رێکنخران، ئەوا دەبێت چاکسازیی بنەڕەتی لەو شێوازی مامەڵەیەی ئێستادا بکەین؛ یەکەم، دەبێت پرسی 'خەرجییە باڵا نیشتمانییەکان' بگەڕێتەوە سەر شێوازە راستەقینەکەی خۆی؛ دووەم، نابێت بە هیچ شێوازێکی جیاکاری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێت؛ سێیەم، پێویستە دۆسیەی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی لە مەلەفی بودجەی گشتی جیا بکرێتەوە و بەپێی یاسای بنەڕەتی مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکرێت. ئێمە بە بەرپرسانی عێراقمان گوتووە، نە ئەوەی لە دەستووردا هاتووە کەمتر قبووڵمانە، و نە زیاتریش داوا دەکەین."

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، کاتێک بابەتەکە دەبێتە پرسی مووچە و بودجە و مافەکانی هەرێم، سەرجەم لایەنە کوردییەکان بە کۆدەنگییەوە دێنە پێشەوە و کاردانەوەی زۆر باشیان هەبووە.

سەرۆکی دیوان گوتی: بە بەڵگەی فەرمییەوە سەرجەم شایستە و مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان تۆمار کردووە کە لای حکوومەتی عێراقەن، و لە سەردانەکانی داهاتوویاندا بۆ بەغدا بە جددی دەیانخەنە بەرباس.

ئیدارەدانی دارایی و کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ

ئومێد سەباح، هۆکاری سەرەکیی بەردەوامیی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانی سەرەڕای قەیرانی دارایی، بۆ بەڕێوەبردنی لێهاتووانە و سەرپەرشتیاریی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بەسەر وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکاندا گەڕاندەوە لە ئیدارەدانی قەیرانەکاندا.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماری دارایی هەرێمی خستەڕوو و گوتی: "درێژەکێشانی جەنگی ناوچەکە، نەمانی جموجۆڵی بازرگانی ، بوونە هۆی ئەوەی لە مانگی ئادارەوە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە 320 ملیار دینارەوە بۆ تەنیا 86 ملیار دینار کەم بکات، هەرچەندە لە مانگی نیساندا بۆ 106 ملیار دینار بەرزبووەوە و لە مانگی ئایاریشدا گەیشتە 123 ملیار دینار."

ئەو ڕەخنەی لە مامەڵەی دارایی بەغدا گرت و گوتی: "ئەگەر بۆ نموونە مانگی ئایار وەربگرین کە داهاتەکەمان 123 ملیار دینار بوو، حکوومەتی عێراق داوای 120 ملیار دیناری لێ کردین؛ بە وەزیری دارایی عێراقم گوت کە بە بڕینی ئەم پارەیە، چۆن دەکرێت بودجەی کارگێڕی و خەرجی بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکرێت؟ ئایا بودجەتان بۆ کەرتی کارەبا دابین کردووە؟ یان هیچ بڕە پارەیەکتان بۆ دابینکردنی گازی وێستگەکانی هەرێم پێشکەش کردووین؟ بەڵام مخابن هیچ وەڵامێکی گونجاو و قایلکەرمان دەستنەکەوت."

ئاماژەشی دا، سەرەڕای ئەو پارەیەی بۆ مووچە لە بەغداوە دێت، هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 42 ملیار دیناری دیکە لە داهاتی ناوخۆ تەرخان دەکات بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەران، تێچووە کارگێڕییە ناوخۆییەکان فرمانگەکان، پێداویستییەکانی وێستگەی کارەبا و پڕۆژەکانی دیکە، کە ئەمەش نیشانەی مامەڵەیەکی ناڕەوا و ناتەندروستە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان.

سیستەمی ئەلیکترۆنیی گومرگی (ئەسیکۆدا) و کێشەی بازرگانان

سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا، ئومێد سەباح روونیکردەوە: "ئێمە کێشەمان لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمەکەدا نییە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنەکەیدا هەبوو، چونکە سیستەمەکە بۆ وڵاتێکی ناوەندی داڕشتبوو کە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستانی لە دەروازە سنوورییەکاندا لاواز دەکرد. بەڵام ئێمە بۆمان روون کردنەوە کە بەپێی یاسای بنەڕەتی، ئیدارەدانی دەروازە سنوورییەکان ئەرکێکی هاوبەشە لە نێوان هەردوولادا، و بەمەش توانیمان سیستەمەکە لە ناوەندییەوە بگۆڕین بۆ سیستەمێکی فیدراڵی."

ئەو ئاشکرای کرد، ئێستا تەنیا دوو پرد ماونەتەوە بۆ چارەسەرکردن کە بریتین لە داهاتی گومرگی، کە لە کۆتا پەیوەندی نێوان مەسرور بارزانی و عەلی زەیدیدا لەسەری گەیشتوونەتە رێککەوتن. هەرێم داوای کردووە، سیستەمی ئەسیکۆدا بۆ ماوەیەکی کاتی و ئەزموونی جێبەجێ بکرێت کە پێویستی بە سێ مانگ هەیە بۆ جێگیرکردنی لە سەرجەم دەروازە و دامەزراوەکاندا، و داواش کراوە کە ئابڵۆقە و سنووردارکردنی دۆلار لەسەر بازرگانان لاببرێت و دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بدرێتە بازرگانانی هەرێم.

ئومێد سەباح گوتی: ئێستا چاوەڕێی حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ واژۆکردنی بڕیاری کۆتایی سیستەمەکە، کە بڕیارە لەم نزیکانەدا واژۆ بکرێت. سەبارەت بە داهاتی گومرگی لە نێوان هەرێم و پارێزگاکانی تری عێراقدا، ئاشکرای کرد، دوای جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا داوایان کردووە کە سەرجەم بازگەکانی نێوان هەردوولا لاببرێن، و لێژنەیەکی هاوبەشیش بۆ یەکلایکردنەوەی دۆسیەی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان پێکهێنراوە.