چوار درۆن لە ئاسمانی هەولێر و سۆران تێکشکێندران

سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند، هاوکات سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەش لە ئاسمانی سۆران خراونەتە خوارەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی تەممووزی 2026، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان چالاک کرا پاش بەدیکردنی چەند ئامانجێکی ئاسمانیی نەخوازراو لە سنوورەکەدا.

پەیامنێری "کوردستان24" لە هەولێر ڕایگەیاند، کە سیستەمی بەرگریی هێزەکانی هاوپەیمانان توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئاسمانی هەولێر بە سەرکەوتوویی تێکبشکێنن.

هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تریش کە ئاسمانی ناوچەکەیان بەزاندبوو، خراونەتە خوارەوە.