ناتانیاهۆ گەیشتە واشنتن و لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە یاوەری وەفدێکی باڵا گەیشتە واشنتن. بڕیارە هەر ئەمڕۆ سێشەممە ناتانیاهۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
ناتانیاهۆ پێش بەڕێکەوتنی بەرەو واشنتن ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی سەرجەم پرسە گرنگەکان دەکات، کە لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی ئێران دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ناتانیاهۆ لەم سەردانەدا "زانیاری هەستیار و هەواڵگری نوێ" دەربارەی بەرەوپێشچوونەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی پێیە و پێشکەشی سەرۆکی ئەمریکای دەکات، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر دەربارەی سروشتی ئەو زانیارییانە ئاشکرا بکرێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو کەناڵە، ناتانیاهۆ بە نیازە چەند پرسێکی ناوچەیی دیکە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێ بکات، لەوانە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و سووریا؛ تێیدا ناتانیاهۆ جەخت لە هەڵوێستی رەتکردنەوەی ئیسرائیل بۆ داواکارییەکەی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، چاوەڕوان دەکرێت ناتانیاهۆ داوا لە ترەمپ بکات، رەزامەندی نیشان نەدات لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی جۆری "F-35" بە وڵاتی تورکیا.