بەغدا لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر سعوودیە دەکات
موقاوەمە هەڕەشە لە سعوودیە دەکات
حکوومەتی عێراق بە فەرمی دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد سەبارەت بەو هێرشە درۆنییانەی کە عەرەبستانی سعوودیە دەڵێت لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی کراون.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رێنمایی دراوەتە لایەنە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوەی ورد سەبارەت بەو هێرشانەی کە کراوەتە سەر سعوودیە.
حکوومەتی عێراق جەختی لەسەر پرەنسیپی دراوسێیەتی باش کردەوە و رایگەیاند: "رێگە نادەین خاکی عێراق ببێتە مەیدانێک یان رێڕەوێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ."
شەوی رابردوو لیوا تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، ئاشکرای کرد، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی چەندین درۆنیان تێکشکاندووە، هەوڵیانداوە دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵات و ریازی پایتەخت بکەنە ئامانج.
مالیکی راشیگەیاند: "ئەم هێرشانە لە خاکی عێراقەوە و لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراون،" و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی مافی وەڵامدانەوەی لە کات و شوێنی گونجاودا بۆ خۆی دەپارێزێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی عێراق، گرووپی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێرشانەوە نییە.
گرووپەکە لە بەیاننامەکەیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ریاز کرد و گوتی: "هەر کارێکی گەمژانەی سعوودیە بەرامبەر عێراق، بە وەڵامێکی زۆر توند رووبەڕوو دەبێتەوە کە وایان لێبکات پەشیمان ببنەوە." هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم تۆمەتانە نیشانەی دوژمنکارانەیی ئەو وڵاتەیە بەرامبەر گەلی عێراق.