ئێران داواکارییەکانی ئەمریکا رەتدەکاتەوە
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شاندی وڵاتەکەی لە کاتی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباددا، سەرجەم ئەو داواکارییانەی ئەمریکای رەتکردووەتەوە بە زێدەڕۆ وەسفی کردن.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی ئەمریکی هۆشداریی دابووە تاران رەتکردنەوەی ئەو داواکارییانە دەبێتە هۆی شکستهێنانی دانوستانەکان، بەڵام شاندی ئێرانی لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی سوور بووە و دوای چەقبەستنی گفتوگۆکانیش، داوای بەردەوامبوونی دانوستانەکانی نەکردووە. ئەم هەڵوێستەی بە رەنگدانەوەی دیپلۆماسییەتی پشتبەستوو بە شکۆ ناوزەد کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری وەزیری دەرەوە ئاشکرای کرد، ئێران لە میانی دانوستانەکانی مەسقەت لە سوڵتان نشینی عومان، پێشنیازێکی بۆ هێشتنەوەی رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز بە کراوەیی رەتکردووەتەوە. جەختیشی کردەوە، ئەنجامی دانوستانەکان هەرچییەک بێت، گۆڕانکاری لە سیاستە بنەڕەتییەکانی تاراندا دروست ناکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییانە، سوپای ئێران لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی یادی ئۆپەراسیۆنی مەرساد رایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە هێمای هێز و توانای وڵاتەکەیە بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی. سوپا هۆشداریی دا هەر هێرشێکی ئەگەری لەلایەن دوژمنانەوە، بە وەڵامێکی زۆر توندتر و بەهێزتر بەرەوڕوو دەبێتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی مێهری ئێرانی، سوپا جەختی کردووەتەوە، لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران و سیستەمی سیاسی وڵات، و لە وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک سڵ ناکاتەوە.
لە 8ـی تەممووزەوە، سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.
لە بەرامبەردا، سوپای ئێران بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە وەڵامی داوەتەوە و واشنتنی تۆمەتبار کردووە بەوەی رێککەوتنی لێکگەیشتنی تایبەت بە راگرتنی تەقەکردنی نێوانیانی پێشێل کردووە.