ترەمپ: پێویستمان بە ناتانیاهۆ نییە پێمان بڵێت لە ئێران چی روودەدات
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان لە دەستدایە، و هۆشداری توندی دا ئەگەر تاران نەێتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەوا لە ماوەی دوو کاتژمێردا سەرجەم پردەکان و تەنیا لە یەک رۆژدا هەموو وێستگەکانی کارەبای ئێران تێکدەشکێنن.
سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیووز"، نوێترین پێشهاتەکانی ململانێی ئابووری و سەربازیی وڵاتەکەی دژی ئێرانی راگەیاند.
ترەمپ بە ئاماژەکردن بەوەی کە رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆی باشمان هەبووە. تەنانەت سیناتۆری کۆچکردووی کۆمارییەکان لیندزی گراهام کە پێشتر هەڵوێستێکی زۆر توندی وەک بازێکی سەربازی هەبوو بەرامبەر تاران، لەم دواییانەدا پێی وابوو گەیشتن بە رێککەوتن باشترە لە وێرانکردنی تەواوی وڵاتەکە."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری توندی ئاراستەی ژێرخانی ئێران کرد و رایگەیاند: "من دەتوانم زۆربەی پردەکانی ئێران لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا یان بە لانی زۆر لە دوو کاتژمێردا بە تەواوی تێکبشکێنم، لە کاتێکدا دروستکردنەوەی پردێک 10 ساڵی پێدەچێت. دووەم کایەش وێستگەکانی کارەبایە، کە تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا دەتوانم سەرجەم وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە لەناو ببەم."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، زیانگەیاندن بە ژیانی 91 ملیۆن هاووڵاتیی ئێرانی کە بێ کارەبا و رێگاوبان دەمێننەوە، هاوسەنگییەکی زۆر هەستیار دەخوازێت، بەڵام تاران دەزانێت ئەگەر رێککەوتن نەکەن، سەرجەم پرد و وێستگەکانی کارەبایان بۆردوومان دەکرێن.
سەبارەت بە کێشەی ئەتۆمیی "کێوی پیکاکس" (Pickaxe Mountain) کە مۆڵگەی نوێی ئەتۆمیی ئێرانە، ترەمپ گوتی: ئەوان لە رێگەی هێزی ئاسمانی و کامێرا پێشکەوتووەکانی ئەمریکاوە بە وردی دەزانن لەو شوێنەدا چی دەگوزەرێت؛ "ئێمە پێویستمان بەوە نییە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێمان بڵێت لەوێ چی هەیە، ناتانیاهۆ دەیەوێت ئێمە لە هاوکێشەکەدا بمێنینەوە. ئەگەر رێککەوتن نەکەین، زۆر بە ئاسانی مۆڵگەی ژێر کێوی پیکاکس تێکدەشکێنین."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، گەرووی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە نەک ئێران، و رایگەیاند لە ماوەی گەمارۆکەدا رێگەیان نەداوە هیچ کەشتییەک بگاتە ئێران. ئاشکرای کرد، پێشتر گەمارۆکەیان هێور کردبووەوە بۆ نیشاندانی نیازپاکی لە کاتی ئاگربەستدا، بەڵام بەهۆی پێشێلکردنی رێککەوتنەکە لە لایەن تارانەوە، گەمارۆ دەریاوییەکەیان بە توندی گەڕاندووەتەوە.