ئاسایشی هەرێم ئاماری هێرشە درۆنییەکانی 24 کاتژمێری رابردووی بۆ سەر کۆیە و شارباژێر بڵاوکردەوە
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بە شەش درۆن هێرشکراوەتە سەر ناوچەکانی کۆیە و شارباژێر و هیچ زیانێکی گیانیشیان لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری هێرشە درۆنییەکانی شەو و رۆژی رابردووی بۆ سەر سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوێنێ دووشەممە 27ـی تەمموزی 2026، لە نێوان کاتژمێر (12:35) بۆ کاتژمێر 14:00ـی پاشنیوەڕۆ، لە رێگەی پێنج درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر شارۆچکەی کۆیە و دەوروبەری.
ئاسایش ئاماژەی بەوەش داوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 5:20 خولەک، لە رێگەی یەک درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر ناوچەی شارباژێر لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا ئەوە خراوەتە روو، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە.