ئەمریکا و سعوودیە هێرشیان کردە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعوودیە زنجیرەیەک هێرشی وردیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەک لە رۆژهەڵاتی عێراق، سەر بەو گرووپە چەکدارانەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سێنتکۆم، هێرشەکان لە 28ـی تەممووزدا ئەنجامدراون و ئامانج لێیان ئەو گرووپە چەکدارانە بووە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانە نەوتییەکانی سعوودیە.

سێنتکۆم دەڵێت؛ ئەم گرووپانە رێنماییان لە سوپای پاسدارانی ئێران وەرگرتووە و لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 30 هێرشی درۆنییان ئەنجامداوە.

فڕۆکە جەنگییەکانی هەردوو وڵات چەندین کۆگای چەک و شوێنی لۆجستییان لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی عێراق کردووەتە ئامانج. هەرچەندە سێنتکۆم شوێنی وردی هێرشەکانی دیاری نەکرد، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، دەنگی تەقینەوە لە پارێزگاکانی (بەسرە، بابل، کەربەلا و نەینەوا) بیستراوە.

ئەم هێرشانە دوای ئەوە هاتن کە وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا چەندین درۆنیان تێکشکاندووە کە لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵات و ریاز کرابوون.

تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریر سعوودیە، گرووپەکانی بە "میلیشیای تیرۆریستی" ناوبرد و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی مافی وەڵامدانەوەی پارێزراوە.

لەلایەکی دیکەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کردووە لێکۆڵینەوە لەو بەڵگانە بکەن کە سعوودیە پێشکەشی کردوون. زەیدی دووپاتی کردەوە، بەغدا رێگە نادات خاکی وڵاتەکەی ببێتە مەیدانێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق تێوەگلانی خۆی لەو هێرشانە رەتکردەوە و رایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر سعوودیە لە یەمەنەوە بووە نەک عێراق. هەروەها هۆشدارییان دا هەر هێرشێکی سەربازی سعوودیە بۆ سەر خاکی عێراق، وەڵامێکی توندی بەدوادا دێت.

سێنتکۆم رایگەیاندووە، سوپای پاسدارانی ئێران چەند مووشەکێکی بالیستییان ئاڕاستەی بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن کردووە، بەڵام هەموویان تێکشکێنراون. ئەمە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆیە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ماوەی چوار رۆژ هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرتبوو تا دەرفەت بە دانوستان بدرێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی سێنتکۆم، تەنیا لە نێوان مانگی شوبات تا نیسانی 2026، گرووپە چەکدارەکانی عێراق زیاتر لە 600 هەوڵی هێرشکردنە سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان داوە.