نرخی نەوت لەنێوان بەرداشی ململانێکانی ئێران و ئەمریکادا
نەوت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا تەنیا وەک سەرچاوەیەکی گرنگی وزە مامەڵەی پێوەناکرێت، بەڵکو ئێستا لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بووەتە کارتێکی فشار بۆ دەست شکاندنەوەی نەیار و ناکۆکان بەکاردەهێندرێت.
چوارشەممە 29ـی تەمموزی 2026، جارێکی دیکە بەهۆی پەرەسەندی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، بە تایبەت هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەشاندنی گورزێکی بەهێز و کاریگەر لە ئێران، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 7 دۆلار بەرزبووەوە، بە جۆرێک گرێبەستە داهاتووەکانی نەوت خاوی "برێنت" بۆ مانگی ئەیلوول، بە رێژەی 7% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک گەیشتە 89.98 دۆلار، هاوکات گرێبەستە داهاتووەکانی خاوی تەکساسی ئەمریکی بۆ هەمان مانگ، بە رێژەی 6.65% رووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 84.53 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا دوای ئەوەی ترەمپ گوتی" لە نێوان بژاردەی جەنگ و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران، بژاردەی دیلپۆماسیەتی هەڵبژاردووە و دەرفەتی زیاتر دەدات بە دەسەڵاتدارانی تاران بۆ ئەوەی ئامادەی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی بن"، ئەم هەڵوێستەی ترەمپ ئەو کات نرخی نەوت داڕماو زیاتر لە 7 دۆلار دابەزی.
نەوت وەکو چەکی فشار و وێستگەی گۆڕانکاریی نرخەکان:
لە سەرەتای دەستپێکی گرژییەکانی نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و بەکارهێنەرەکانەوە، نەوت ئەو چەکە کاریگەرە بووە کە هەمیشە وەکو فشارێکی بەهێز بۆ ملکەچکردن یان رازیکردنی داواکارییەکان بەکارهێنراوە، بە تایبەت ئێران لە کاتی جەنگ و گرژییەکاندا داخستنی گەرووی هورمز کە رێڕەوێکی گرنگی ئاوییە بۆ گواستنەوەی نەوت بەکاردەهێنێت، ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر کەمبوونەوەی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی دروستکردووە.
بۆ نموونە، ساڵی 1979 کاتێک کودەتا لە ئێران روویدا و دەسەڵاتی پاشایەتی روخێندرا، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی بەشێک لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی جیهان، هاوکات دروستبوونی گرژییەکان و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی دروست بوو، چونکە ئێران هەژموونی بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندووە، ئەمەش وایکردووە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بەراورد بە پێش دۆخی جەنگ تا 35 دۆلار بەرز بێتەوە.
هەروەها ساڵی 1980 تا 1988، بە هۆی جەنگی نێوان عێراق و ئێران، جارێکی دیکە ئاسایشی وزەی جیهانی کەوتە ژێر هەڕەشە و رێڕەوە ستراتیژییە ئاوییەکانی کەنداو بوونە چەقی ململانێ و مەیدانی پێکدادانەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئەو کات حکوومەتەکانی بەغدا و تاران، هێرشی سەر نەوتهەڵگرەکانی یەکتریان دەستپێکرد، ئەمەش جارێکی دیکە نرخی نەوتی لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزکردەوە و لە 35 دۆلارەوە گەیاندی بە 40 بۆ 45 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک.
رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران – ئەمریکا و کاریگەییەکانی لەسەر نرخی نەوت:
ساڵی 2015، دوای رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان واشنتن و تاران، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و گەرووی هورمز بە تایبەتی تاڕادەیەک یاسایی بووەوە و هەناردەی نەوتی ئێران جارێکی دیکە بە بڕی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە گەیشتەوە بەرزترین ئاستی، ئەمەش وایکرد نرخی نەوت لە نێوان 45 بۆ 50 دۆلار جێگیر بێت.
بەڵام ئەم دۆخە زۆری نەخایاند، ساڵی 2018، کاتێک دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆکی ئەمریکا و تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشایەوە و جارێکی دیکە دۆخەکە تێکچوو، بەهۆی نالەباری بارودۆخەکە و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، هاوکات سەپاندنی سزاکان بە سەر تاران، نرخی نەوت جارێکی دیکە بەرزبووەوە و لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتە 80 دۆلار، بەڵام ئەمریکا بە بەکارهێنانی ئەو یەدەگە ستراتیژییەی لە نەوت هەیبوو، توانی نرخ کۆنتڕۆڵ بکات و لەو ئاستە بە گۆڕانکارییەکی کەم بیهێڵێتەوە.
تا ساڵی 2025، نرخی نەوت بەمشێوەیە مایەوە، دواتر لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران کە 12 رۆژی خایاند، جارێکی دیکە بازاڕی وزەی جیهانی کەوتە مەترسییەوە و نرخەکان بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی، بە تایبەت نەوت ئەو کات نرخەکەی بازدانێکی گەورەی کرد و گەیشتە نزیکەی 95 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات هەناردەی رۆژانەی نەوت لە گەرووی هورمز و ئەو رێڕەوە ئاوییانەی کە مەترسیان لەسەر بوو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
دوای نزیکەی 8 مانگ جارێکی دیکە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی فراوانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا جگە لە کوژرانی دەیان سەرکردەی باڵای ئێران، هاوکات گەرووی هورمز دیسانەوە بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخرایەوە و دووبارە رێڕەوی هەناردەی بەشێکی زۆر لە نەوتی وڵاتانی کەنداو بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە لایەن حکوومەتی تارانەوە بەسترا، ئەمەش وایکرد نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرزببێتەوە کە هەر بەرمیلێک نەوت بگاتە 110 دۆلار، بەراورد بە پێش جەنگەکە نزیکەی 20 بۆ 25 دۆلار بەرزبووەوە.
کێ لەم بارودۆخەدا زەرەرمەندی گەورە بووە ؟
چین یەکێکە لە گەورەترین زەرەرمەندبووەکانی ئەم دۆخەی لە بازاڕی وزە بە تایبەت نەوتدا روویداوە، چونکە بەیژینگ رۆژانە لە نێوان 1.5 تا 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ئێران بە نرخی 75 بۆ 85 دۆلار دەکڕی، بەڵام دوای جەنگ ئەم بڕە و نرخەکەی گۆڕانکاریی بەسەردا هات و چین ناچار بوو بڕێکی کەمتر بە نرخێکی بەرزتر لە بازاڕەکاندا بکڕێتەوە.
هەروەها وڵاتانی کەنداو ( سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، کوەیت، عێراق، ئوردن و لوبنان ) بە تایبەت ئەوانەی هەناردەی نەوتیان بە گەرووی هورمزدا هەبوو، کەوتنە دۆخێکی ناسەقامیری ئابووری، چونکە هورمز ئەو رێڕەوە بوو کە رۆژانە نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو، هاوکات هێرشەکانی ئێران بۆسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ئاوەکانی ناوچەکە هێندەی دیکە دۆخەکەی ئاڵۆزکرد، عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیانێکی ئابووری گەورەی بەرکەوتووە، بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس، جەنگی ئێران بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکەی بە رێژەی 18% کەم کردووەتەوە، هاوکات لە مانگی ئاداردا 7.7 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لەدەستداوە، کە زۆربەی بەرهەمی عێراق و سعوودیە بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، شڵەژانی بازاڕەکانی وزەی جیهان کاریگەری نەکردووەتە سەر گەشەی چاوەڕوانکراوی خواست لەسەر نەوت بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو.
بەپێی راپۆرتی مانگانەی ئۆپێک، بەرهەمهێنانی وڵاتانی هاوپەیمان لە مانگی ئاداردا گەیشتووەتە نزیکەی 35 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا لە مانگی پێشووتردا 42.7 ملیۆن بەرمیل بووە، ئەمەش رەنگدانەوەی روونی داخستنی گەرووی هورمزە لەلایەن ئێرانەوە.
عێراق یەکەم زیانمەندە:
عێراق لە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانە دێت کە بەرهەمهێنانیان کەمی کردووە، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگی ئاداردا تەنها 1.6 ملیۆن بەرمیل بووە، ئەمەش دابەزینێکی گەورەیە کە زیاتر لە 2.6 ملیۆن بەرمیلە بەراورد بە مانگی شوبات.
هەروەها سعوودیە لە پلەی دووەم دایە و بەرهەمهێنانی بە بڕی 2.3 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە و گەیشتووەتە 7.8 ملیۆن بەرمیل، دوای ئەویش ئیمارات بە دابەزینی 1.5 ملیۆن بەرمیل و کوەیت بە 1.4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دێن.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، هەناردەی نەوتی خاوی وڵات لە مانگی ئاداردا بە رێژەی زیاتر لە 81% کەمی کردووە، بە جۆرێک داهاتی هەناردەکردن لەو مانگەدا تەنها 2 ملیار دۆلار بووە.
بازاڕەکانی نەوت لە سەرەتای جەنگەکەوە تووشی شڵەژانی توند بوون لە نرخەکاندا، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران گەرووی هورمزی داخست کە پێنجیەکی پێداویستی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، هەروەها نرخەکان دوای راگەیاندنی ئاگربەستێک کەمێک دابەزین، بەڵام دوای شکستی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و راگەیاندنی گەمارۆی دەریایی گشتگیر لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ سەر گەرووەکە و بەندەرەکانی ئێران، دووبارە نرخەکان بەرزبوونەوە.
راپۆرتەکە بۆ سێیەم مانگ لەسەریەک پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خستنەڕووی نەوت لە دەرەوەی "ئۆپێک پڵەس" بۆ ساڵی 2026 بە 630 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا جێگیر کردووە، هەروەها پێشبینی دەکات خستنەڕووی نەوت لە دەرەوەی هاوپەیمانییەکە بۆ ساڵی داهاتوو بە بڕی 620 هەزار بەرمیل زیاد بکات.
لە راپۆرتەکادا هاتووە، ئۆپێک پابەند بووە بە پێشبینییەکانی پێشووی سەبارەت بە گەشەی خواستی جیهانی لەسەر نەوت و بۆ هەشتەم مانگ لەسەریەک پێشبینییەکانی ساڵی 2026ـی لەسەر 1.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا جێگیر کردووە، هەروەها پێشبینی گەشەی خواست بۆ ساڵی 2027 بە 1.3 ملیۆن بەرمیل ماوەتەوە.
سەبارەت بە کۆی گەشەی خواستی جیهانی، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ئەمساڵ 106.5 ملیۆن بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا، و بۆ ساڵی 2027 پێشبینی دەکرێت بگاتە 107.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
هەروەها بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی عێراق، بڕی نەختینەکە لە 1.907 تریلیۆن دینارەوە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025، بۆ 566 ملیار دینار لە کۆتایی نیسانی 2026 دابەزیوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، رەوتی دابەزینی نەختینەکە بەو شێوەیە بووە کە لە کۆتایی کانوونی دووەمی 2026دا بۆ 1.524 تریلیۆن دینار کەمبووەتەوە، پاشان لە کۆتایی شوباتدا گەیشتووەتە 1.005 تریلیۆن دینار و لە کۆتایی ئاداریشدا زیاتر دابەزیوە بۆ 849 ملیار دینار، تا دواجار لە کۆتایی نیساندا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی کە 566 ملیار دینارە.
ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە نەختینەی ناو گەنجینەی بانکی ناوەندی لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا نزیکەی 1.341 تریلیۆن دیناری لەدەستداوە، ئەمەش بە واتای دابەزینی رێژەی 70.3% دێت لە بەراورد لەگەڵ ئاستی کۆتایی ساڵی 2025دا.
هەموو ئەم رووداوانە، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست و دانوستانێکی لەرزۆک لە نێوان تاران و واشنتن، تا ئێستا ئاماژەی ئاسۆیەکی روونیان بۆ جێگیربوونی دۆخی بازاڕەکان نیشان نەداوە، چونکە لە لایەک ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی فراوان و لە ناوبردنی ژێرخانی ئێران دەکات، ئەگەر تاران لەسەر سیاسەتی ئێستای بەردەوام بێت و ملکەچی داواکارییەکانی واشنتن نەبێت، لە دوایین لێدوانیشیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند "وانەیەکی زۆر سەخت بە ئێرانییەکان دەدەین و وەڵامێکی کەمەرشکێنیان دەدەینەوە، هەروەها ئەوان لێدانێکی وا دەخۆن کە هەرگیز لەبیریان نەچێتەوە."
لە لایەکی دیکەوە ئێران لە وەڵامی هەڕەشەو هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەکەی هێرشەکانی بۆسەر وڵاتانی کەنداو دەستپێکردووەتەوە و جارێکی دیکە گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخستووە.