بەرهەمی کارمەندانی کوردستان24 لە پێشانگەی کتێبی هەولێر نمایشکران
بەرهەم و کتێبی ژمارەیەک لە کارمەندانی کوردستان24 لە یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی لە هەولێر نمایشکران؛ ئەمەش بووەتە یەکێک لە دیاردە دیارەکانی ناو پێشانگەکە.
هاوکارمان نەریمان تاڵب، دوو کتێبی خۆی نمایش کردووە، هەردوو بەرهەمەکە لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون.
یەکەمیان کتێبی "قووڵایی ستراتیژی" لە نووسینی ئەحمەد داوود ئۆغلۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیایە. دووەم بەرهەمیش بە ناوی "سەنگاپۆرا.. لە جیهانی سێیەمەوە بۆ یەکەم" لە نووسینی لی کوان یوو، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری سەنگاپۆرایە.
نەریمان تاڵب، ئاماژەی بەوە دا، هەردوو کتێبەکە لە ناو پێشانگەکەدا بەردەستن. روونیشی کردەوە، خوێنەران دەتوانن لە شوێنی تایبەت بە کتێبخانەی سۆران و کۆمەڵگەی فەرهەنگیی ئەحمەدی خانی ئەو کتێبانە دەست بخەن.
رۆژی پێنجشەممە، 06ـی حوزەیرانی 2026، یەکەمین پێشانگای تایبەت بە کتێبی کوردی لە ھۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر بە ناونیشانی(بە کوردی نووسین، بە کوردی هزرین) کرایەوە و زیاتر لە 130 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە تێیدا بەشدار بوون.
رێبین فەتاح، سەرپەرشتیاری پێشانگەکە جەختی لەوە کردەوە، یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی ئەم پێشانگەیە گێڕانەوەی متمانەیە بۆ نووسەری کورد و کتێبی کوردی.
ساڵانە لە هەولێری پایتەخت پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب دەکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە پێشانگاکە نەکرایەوە.