ئەکسیۆس: ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند ئامانجێک لە نێو خاکی ئێران دەستپێکردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی باشووری ئەو وڵاتە.

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، سوپای ئەمریکا دەستی بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردووە بۆ سەر چەند ئامانجێک لە نێو خاکی ئێراندا.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەش کرد، هێرشەکان بۆ سەر ئێران لە وەڵامی ئەو هێرشەی ئێراندایە کە کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن.

میدیا فەرمییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە، کە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری "سیریک" سەر بە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران بیستراوە، هەروەها سێ تەقینەوەی دیکەش شاری "نور ئاباد"یان لە باشووری وڵاتەکە هەژاندووە، هەروەها دەنگی تەقینەوە لە شاری بوشەهریش بیسترا.

 

لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) چەند بژاردەیەکی سەربازی تاوتوێ دەکات کە ڕەنگە تەنیا لە هێرشی ئاسمانی سنوورداردا خۆی نەبینێتەوە، بەڵکوو بەرەو پەرەسەندنێکی فراوانتری ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران بڕۆن. 

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، فەرماندەی سێنتکۆم بژاردەی هەڵمەتێکی ئاسمانی چڕی ئامادە کردووە کە ئامانج لێی سزادانی تاران و تێکشکاندنی تواناکانیەتی، پێشبینیش دەکرێت ئەم زنجیرە هێرشانە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بن.

لە لایەکی دیکەوە، وەزیری جەنگیی ئەمریکا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی ئاسمانی چڕ دەربڕیوە. هاوکات سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئەمریکا وەڵامی ئەو نیگەرانییانەی داوەتەوە کە باس لە کەمبوونەوەی جبەخانەی وڵاتەکە دەکرێت و رایگەیاندووە؛ ئەم هۆکارە نابێتە رێگر لەبەردەم دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ چوارشەممە بەڵێنی وەڵامدانەوەیەکی توندی دا لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا. 

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی نادیاردایە و هێرشە دوولایەنەکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامییان هەیە. هەرچەندە کەناڵەکانی پەیوەندی لە ڕێگەی نێوەندگیرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ ڕێگریکردن لە جەنگێکی گشتگیر کراوەن، بەڵام ئاراستەی رووداوە مەیدانییەکان بەرەو پێکدادانی راستەوخۆ دەڕۆن.