ترهمپ تاوتوێی پلانی سهربازی بۆ هێرشی ئاسمانیی دوو هەفتەیی بۆ سەر ئێران دەکات
وۆڵ ستریت جۆرناڵ: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پێشنیازی هێرشێکی سزادەرانەی بۆ تێکشکاندنی توانای مووشەکیی تاران پێشکەش کردووە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی پلانێکی سەربازیی بەرفراوان دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی ئاسمانیی چڕ دژی ئێران ئەگەری هەیە تا دوو هەفتە بخایەنێت. ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێک دێت بۆ ئەو هێرشە مووشەکییە کتووپڕەی کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئهدمیراڵ براد كوپهر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بژاردەی هێرشێکی ئاسمانیی سزادەرانە و چڕی ئامادە کردووە و پێشکەشی ئیدارەی ترهمپی کردووە. ئامانجی سەرەکیی پلانەکە بریتییە لە؛ لێدانی گورزی کوشندە لە توانای مووشەکە بالیستییەکانی ئێران، تێکشکاندنی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک، کۆگاکان و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان، هەروەها کەمکردنەوەی فشار لەسەر سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەناو ئیدارەی ترهمپدا بۆچوونی جیاواز هەیە؛ پیت هیگسێت وەزیری جەنگی پشتگیری لە وەڵامێکی سەربازیی بەهێز دەکات، بەڵام ژەنراڵ "دان کین" سەرۆکی ئەرکانی سوپا هۆشداری دەدات لە کەمبوونەوەی کۆگاکانی مووشەکی بەرگریی پاتریۆت و تاد. بەگویرەی ئامارەکان، یەدەگی مووشەکەکانی پاتریۆت بە رێژەی 65% و تاد بە رێژەی 38% کەمیکردووە، ئەمەش وای کردووە هەندێک لە فەرماندەکان داوای وریایی بکەن.
ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسمانی موفەق ئەلسەڵتی لە ئوردن کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە. هەرچەندە واشنتن رایگەیاند هەموو مووشەکەکانی تێکشکاندووە، بەڵام هێرشەکە وەک پەرەسەندنێکی مەترسیدار بینرا کە کۆتایی بەو ماوە کورتەی هێمنی هێنا کە بۆ دەرفەتی دیپلۆماسی رەخسابوو.
ترهمپ دوای هێرشەکە رایگەیاند، ئەمریکا وەڵامێکی زۆر توند دەداتەوە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر قەبارەی هێرشەکە نەداوە. لە لایەکی دیکەوە، هاوبەشیی ئاشکرای سعوودیە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر پێگەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، قۆناخێکی نوێی ململانێکەی دەستپێکردووە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت؛ گومان هەیە ئەم هێرشانە بتوانن بە تەواوی مەترسیی مووشەکیی ئێران کۆتایی پێ بهێنن، چونکە ئێران خاوەنی تونێلی ژێرزەمینیی قووڵ و سەکۆی گەڕۆکی مووشەکییە و توانیویەتی بە بەکارهێنانی درۆن، سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکا سەرقاڵ بکات.