سوپای ئوردن: پێنج مووشەکی ئێرانمان تێکشکاند
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سوپای ئوردن رایگەیاند؛ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان توانیویانە پێنج مووشەک بخەنە خوارەوە کە سەرچاوەکەیان وڵاتی ئێران بووە.
گوتەبێژی فەرمی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: بەرگرییە ئاسمانییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، بەرپەرچی پێنج مووشەکیان داوەتەوە، لە ئێرانەوە ئاراستەی خاکی ئوردن کرابوون؛ مووشەکەکان دەستنیشان کراون و تێکشکێنراون. هەروەها جەختی کردەوە، هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی شەپۆلێکی چڕ لە هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە.
سێنتکۆم بڵاویکردەوە: "هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی شەپۆلێکی چڕی هێرشیان بۆ سەر ئێران کۆتایی پێهێنا، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هەوڵە مووشەکییانەی کە هێزەکانی ئەمریکایان کردبووە ئامانج."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لەم هێرشانەدا دەیان پێگەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوخۆی ئەو وڵاتە کراونەتە ئامانج، لە نێویاندا سەنتەرەکانی فەرماندەیی سەربازی هەبوون.