حەلبووسی و سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن
بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی باڵای پارتی پێشوازی لێبکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، هەریەک لە هۆشیار زێباری، رێبەر ئەحمەد و ئومێد خۆشناو و چەند بەرپرسێکی دیکەی پارتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە محەمەد حەلبووسی دەکەن.
گوتیشی: حەلبووسی بڕیارە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆببێتەوە.
دوێنێش سەرچاوەیەک بە کوردستان24 راگەیاند، هەر یەک لە ئەحمەد مەزهەر، سەرۆکی فراکسیۆنی تەقدووم لە پەرلەمانی عێراق، محەمەد تەمیم وەزیری پیشەسازی و خالد بەتاڵ، سەرکردە لە پارتی تەقدووم یاوەری محەمەد حەلبووسی لە سەردانەکەیەدا بۆ هەولێر دەکەن.
ئامانجی سەردانەکەی محەمەد حەلبووسی چەند پرسێکە، لەوانە دۆخی هەنوکەیی ناوچەکە و عێراق و پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی تەقەدووم و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەروەها پرسی رووبەرووبونەوەی گەندەڵکارانیش یەکێک لەتەوەرەکانی گفتوگۆکان دەبێت.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشدا، لە گفتوگۆکاندا باس لە تەواوکردنی کابینەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەکرێت، کە بەشێک لەوەزیرەکان ماون تا سوێندی یاسایی بخۆن.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت دەرگایەکی فراوانتر لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە هۆشیار زێباری دەستنیشانکراوە بۆ بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنەکانی عێراق، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەیە.