ئاگر لە دراستانەکانی دوورگەی کریتی یۆنان کەوتووەتەوە
حکوومەتی یۆنان لە رێگەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاریی خێرا لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی دوورگەی کریتە، کە بە هۆیەوە هەزاران کەس ئاوارەبوون و سێ ئەندامی ئاگرکوژێنەوەش گیانیانلەدەستداوە.
ئاژانسی فرانس پرێس ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026، بڵاویکردووەتەوە، ئاگرەکە ئاگرەکە لە باشووری شاری رێتیمنۆوە تەشەنەی کردووە و بەرپرسانی ناچار کردووە، لە کەمتر لە 24 کاتژمێری رابردوودا نزیکەی هەشت هەزار کەسی لە مەترسی ئاگرکەوتنەوەکەدا راگواستووە، بە تایبەت گوندی گەشتیاریی 'ئاجیا گالینی' کەوتە بەر مەترسی سووتانی دارستانەکان.
لەمبارەوە کیریاکۆس میتسۆتاکیسی سەرۆکوەزیرانی یۆنان هۆشداریداوە، بەهۆی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما رۆژانی سەخت لەبەردەم خەڵکی یۆنانە.
هەروەها ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی سێ کارمەندەکەی بەرگریی شارستانی یۆنان ئاراستەی حکوومەت و گەلی یۆنان کردووە و رایگەیاندووە، یەکێتی ئەوروپا هاوخەم و پشتیوانی یۆنانە؛ جەختیشیکردووەتەوە، یەکێتی ئەوروپا خۆی بۆ دابینکردنی پاڵپشتی زیاتر ئامادە دەکات.
بە گوێرەی راپۆرتی پێگەی کەشناسی میتیۆ دۆت جی ئاڕ، خێرایی با لە ناوچەی رێتیمنۆ گەیشتووەتە 120 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش وایکردووە هەم ئاگرکەوتنەوەکە بەخێرایی تەشەنە بکات، هەم بەری ئاگرکەوتنەوەکەی بۆ زیاتر لە 12 کیلۆمەتر فراوان بێت.
ماریا لیۆنی، جێگری پارێزگاری ناوچەی رێتیمنۆ بە تەلەفزیۆنی فەرمی یۆنانی راگەیاندووە " نزیکەی هەشت هەزار کەسمان لە گوندی گەشتیاریی ئاجیا گالینی راگواستووە".
ئاگرەکەوتنەوەکە لە دوێنێ چوارشەممەوە کەوتەوە، گەیشتە و بە گوتەی بەرپرسانی خۆجێی ناوچەکە، پێشبینی دەکەن ئاگرکەوتنەوەکە جگە لە سووتاندنی ماڵان، زیانگەلێکی بە کێڵگە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵان گەیاندووە، بەڵام قەبارەی زیانەکان هێشتا نەزانراوە.
میدیای یۆنان بڵاویان کردووەتەوە، نزیکەی 200 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و 53 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی لە ناوچەی لە دارستانەکانی کریت لە هەوڵی کۆنترۆڵ و کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانن، بەڵام بەهێز با رێگربووە لەوەی فڕۆکەکانی ئاگرکوژێنەوە بتوانن ئاو لە دەریاوە هەڵبگرن و بەسەر ئاگری دارستانەکاندا بیپڕژێنن.