سەرۆك بارزانی: برینی جینۆساید و ئەنفالەکان تا ئێستاش ساڕێژ نەبوو
لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا سەرۆکی بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، جێگەی داخێکی زۆرە، تا ئێستاش برینی هیچ یەکێک لەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانە ساڕێژ نەکراون. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی مادی و مەعنەویی سەرجەم ئەو تاوان و ستەمانە بکاتەوە کە لە سەدەی رابردوودا دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون.
ئەمڕۆ هەینی، 31ـی تەممووزی 2026، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند" تاوانی ئەنفالی بارزانییەکان لە 31ی تەمووزی 1983، بەشێک بوو لە دەستپێكی زنجیرە تاوانێکی رێکخراو، لە بێسەروشوێنکردنی دوازدەهەزار گەنجی کوردی فەیلی، تا شاڵاوەکانی ئەنفالی گەرمیان و بادینان، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستان، تەعریب و راگواستن و دەیان تاوانی نامرۆڤانەی تر كە بە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامە و شکاندنی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلەكەمان لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون.
سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە، لە ئەنفالی بارزانییەکاندا، رژێمی پێشووی عێراق هەشت هەزار پیاوی گەنج و پیری بارزانی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و کوردبوون و بە بیانووی بێ بنەما دەستبەسەر کرد و دوای راگواستنیان، بە شێوازێکی نامرۆڤانە لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژی کردن.
سەرۆک بارزانی دەڵێت، جێگەی داخێکی زۆرە، تا ئێستاش برینی هیچ یەکێک لەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانە ساڕێژ نەکراون. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی مادی و مەعنەویی سەرجەم ئەو تاوان و ستەمانە بکاتەوە کە لە سەدەی رابردوودا دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا سوپاسێکی زۆری خەڵکی دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەکات و رایدەگەیەنێت" لە چل و سێیەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سوپاسی جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەم كە لەو ساتە پڕ لە ئازارانەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون، پێزانینم بۆ خۆڕاگریی بێوێنەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بەهێز و خۆڕاگرانەی بارزانی هەیە کە ساڵانێکی زۆر، ئازاری دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشت، بەڵام سەریان دانەنواند و هەزاران ڕۆڵەی سەربەرز و نیشتیمانپەروەریان پێگەیاند".