ترەمپ: جەنگ لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوەدەچێت
ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێی سەپاندنی گەمارۆی وشکانی بەسەر ئێراندا دەکەن
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: جەنگی وڵاتەکەی دژی ئێران بە باشی بەڕێوەدەچێت و هێزەکانیان بە توندی لە پێگەکانی تاران دەدەن. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش گوتی: ترەمپ ئامادەیە دەرفەتێکی دیکە بە دیپلۆماسییەت بدات؛ بەڵام ئەم بژاردەیە بەستراوەتەوە بە مەرجی قبووڵکردنی ئاگربەست لە لایەن ئێرانەوە.
هەینی، 31ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵیی 'فۆکس نیوس' رایگەیاند: وڵاتەکەی بە توندی لە ئێران دەدات و. جەختی کردەوە کە جەنگ لەگەڵ تاران "بە باشی بەڕێوە دەچێت.
هاوکات گوتی: "شتێک لەبارەی ئێرانەوە روودەدات"؛ بەڵام بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەمبارەیەوە بخاتەڕوو. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و گرژییە دوولایەنەکان بەردەوامییان هەیە.
لە لایەکی دیکەوە ئەندامانی کابینەکەی سەرۆکی ئەمریکا بەرەو هاوینەهەواری "کەمپ دەیڤد" بە رێ دەکەون بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی ستراتیژیی ئاستبەرز، کە تێیدا ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێی بژاردەکانی داهاتووی خۆی بەرامبەر بە ئێران دەکات.
گەمارۆی دەریایی و وشکانی
رۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف"ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێی سەپاندنی گەمارۆیەکی وشکانی بەسەر ئێراندا دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن تەواوی بژاردە بەردەستەکانی لە ستراتیژی سەربازیی ئێستایدا بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز تاقی کردووەتەوە و بێئاکام بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، گەمارۆی وشکانی بە یەکێک لە بژاردە پێشنیازکراوەکان دادەنرێت بۆ فشارخستنە سەر ئابووریی ئێران؛ بەڵام جێبەجێکردنی پلانەکە پێویستی بەوەیە ئەمریکا و ئیسرائیل فشار بخەنە سەر وڵاتانی دراوسێی ئێران بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان یان سنووردارکردنی هاتوچۆ، بە مەبەستی پەکخستنی بازرگانی لەگەڵ تاراندا.
ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی بەرفراوان
لە لایەکی دیکەوە ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی بەرفراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران دەکات لە رێگەی هەڵمەتێکی ئاسمانی چڕەوە کە پێدەچێت لە نێوان 10 ڕۆژ بۆ دوو هەفتە بخایەنێت، لە کاتێکدا گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامییان هەیە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـیان راگەیاندووە، براد کۆپەر، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، پلانێکی بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوان ئامادە کردووە کە بنکەکانی فەرماندەیی، دامەزراوەکانی مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر بە سوپای پاسداران دەکاتە ئامانج؛ ئەمەش بەهۆی باوەڕی خۆی بەوەی کە هێرشە سنووردارەکان نەیانتوانیوە هێرشەکانی ئێران ڕابگرن یان تاران لە هەڕەشەکردن لە گەشتە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز و بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا سارد بکەنەوە، بەگوێرەی " بڵاوی کردووەتەوە.
بەڵام ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر هەڵوێستی خۆی نەداوە، چونکە تاوتوێی دوو بژاردەی هاوتەریب دەکات: یاخود دەستپێکردنی هەڵمەتە ئاسمانییەکە کە 10 بۆ 14 رۆژ دەخایەنێت، یان پەسەندکردن بە وەڵامێکی سەربازیی سنووردار کە رێگە بە بەردەوامیی ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکە بدات.
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندبوو: "گفتوگۆکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن، بە تایبەتی سەبارەت بە گەرووی هورمز بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان".
ئاماژەی بەوەش کردبوو، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم لایەنەکان بۆ ئەو لێکگەیشتننامەیەی کە لە مانگی حوزەیراندا واژۆ کرا و ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە جەنگەکە.
لای خۆیەوە بەرپرسێکی ئەمریکی ئەمڕۆ هەینی، بۆ رۆژنامەی 'نیویۆرک پۆست' ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە چانسێک بداتە دانوستانەکان، بەڵام مەرجی ئەوەیە ئێران لەگەڵ ئاگربەستدا هاوڕا بێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێک، بەڵام ئەگەر هێرشەکانی ئێران بەردەوام بن، ئەوا دەبێت تاران باجەکەی بدات.