گۆتێرێز: رێککەوتنی غەززە تاکە هەواڵی خۆشی ئەمڕۆیە

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازیی لە رێککەوتنی چەکداماڵینی حەماس و کشانەوەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کرد و بە "تاکە هەواڵی باش" لەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەسفی کرد. گۆتێرێس داوای راگرتنی بە پەلەی سەرجەم شەڕ و پێکدادانەکانی لە بەرەکانی دیکەی ناوچەکەدا کرد.

هەینی، 31ـی تەممووزی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند: رێککەوتنی تایبەت بە چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس، یەکێکە لە هەواڵە باشە دەگمەنەکان بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گۆتێرێز گوتی: تاکە هەواڵی باش لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، راگەیاندنی ئەو ڕێککەوتنە بوو لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، کە بەپێی ڕێککەوتنەکە حەماس چەکەکانی دادەنێت و ئیسرائیلیش لە کەرتی غەززە دەکشێتەوە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "کە دەبێت شەڕ و پێکدادانەکان لە سەرجەم بەرەکانی ناوچەکەدا رابگیرێن. ئێستا پێمان ناوەتە شەشەمین مانگی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو؛ ئەوەی وەک ململانێیەکی ناوچەیی دەستی پێکرد، زیاتر و زیاتر دەبێتە هۆکارێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی جیهانی."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بە رێککەوتنێکی "مێژوویی" بۆ چەکداماڵینی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە کەرتی غەززە راگەیاند، ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی "پلانی 20 خاڵیی ترەمپ" بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.