وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێرانی دەرکردووە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی نوێی بۆ سەر ئێران دەرکردووە. ئامانجی ئەم هێرشە فشارخستنە سەر تارانە تاوەکو ناچاری بکات خۆبەدەستەوە بدات یان بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر هەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە زووترین کاتدا و لە پشووی کۆتایی ئەم هەفتەیەوە دەستپێبکەن و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام بن.

ترەمپ رۆژی هەینی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ئەو بە نیازە هێرشە سەربازییە چڕەکان دەستپێبکاتەوە. باوەڕی وایە وەشاندنی گورزی بەهێز لە ئێران دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و پاشەکشەکردن بە هەڵوێستەکانی تاران.

گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران دوای شکستهێنانی ئاگربەستی راگەیەندراوی 8ـی تەممووز گەیشتووەتە لووتکە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی پەیوەست بە درۆن و هێزی دەریایی ئێران. لە بەرامبەردا، ئێران بە بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دروستکردنی گرژی لە گەرووی هورمز وەڵامی داوەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەی زیاترن بۆ زیادکردنی فشارەکان، لەوانە؛ توندکردنی گەمارۆ و دابڕانی ئابووریی ئێران لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی توندی دەروازە سنوورییە وشکانییەکان، بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ئێران هەروەها ئامادەکاری بۆ خولێکی نوێی هێرشی ئاسمانی.

لە لایەکی دیکەوە، تاران جەخت لەسەر مافی وەڵامدانەوە دەکاتەوە بۆ هەر هێرشێک، لە هەمان کاتدا ئیسرائیل ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەگەر واشنتن داوای لێبکات.