ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران توندتر دەکات
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە؛ هێزی دەریایی ئەمریکا لە ئاوەکانی ناوچەکە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران. لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەدا، هێلیکۆپتەرێکی جۆری (MH-60R Sea Hawk) لەسەر کەشتیی جەنگی (USS Michael Murphy) ئامادەکاری بۆ چاودێریکردنی جوڵە دەریاییەکان دەکات.
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، لە 31ـی تەممووز، هێزە دەریاییەکان رێکاری توندیان بەرامبەر ئەو کەشتیانە گرتووەتە بەر کە گومانی سەرپێچییان لێ دەکرێت.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئاراستەی 30 کەشتیی بازرگانی گۆڕدراوە و 2 کەشتی بەهۆی سەرپێچییەوە لەکارخراون، هەروەها هێزەکان چوونەتە سەر 2 کەشتی دیکە بۆ پشکنین و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی گەمارۆکە.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا جەختی کردووەتەوە رەهەندی مرۆیی لەبەرچاو گیراوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا رێگە دراوە بە نزیکەی 30 کەشتی کە کەلوپەلی هاوکاریی مرۆییان هەڵگرتبوو، بێ کێشە لە ناوچەی گەمارۆکە تێپەڕن.
لە مانگی ئاداری 2026، ئەمریکا گەمارۆیی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، گەمارۆکە تەنیا هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی رانەگرتووە، بەڵکو مەترسییەکی گەورە و هەمیشەیی بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان لە قوڵایی زەویدا دروست کردووە. لە کاتێکدا جیهان چاوی لەسەر نرخی سووتەمەنییە، لە پارێزگای خوزستان بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانی دوورگەی خارک و وەستانی هەناردە، حکومەتی ئێران ناچار بووە بیرە نەوتەکان دابخات، ئەمەش زیانێکی جیۆلۆجی وای لێ دەکەوێتەوە رەنگە لە زیانی هێرشی مووشەکی زیاتر بێت.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە 21ـی نیسان دا مەترسییە جیۆلۆجییەکانی روونکردەوە و لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی "لە ماوەی چەند رۆژێکدا، کۆگاکانی دوورگەی خارک پڕدەبن و بیرە نەوتە ئێران دادەخرێن". بیسێنت جەختی کردەوە "سنووردارکردنی بازرگانییە دەریاییەکانی ئێران، راستەوخۆ دەبێتە هۆی پچڕانی دەمارە سەرەکییەکانی داهاتی حکوومەتی ئێران".
شارەزایانی بواری وزە هۆشداری دەدەن کە بیرە نەوتەکان سیستمی زیندوون و داخستنیان دەبێتە هۆی تێکچوونی پەستانی ژێر زەوی و دزەکردنی ئاو بۆ ناو کونە نەوتییەکان، کە بە دیاردەی "Water coning" دەناسرێت و دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەمیشەیی بەشێکی زۆری نەوتەکە. هاوکات نیشتنی مۆم و پارافین لەناو بۆرییەکاندا بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمی، پرۆسەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە داهاتوودا زۆر گران دەکات و پێویستی بە ملیاران دۆلار و ساڵانێک کات دەبێت.