ئوردن: گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەمان

سەرچاوەیەکی فەرمیی ئوردنی ئاشکرای کردووە، وڵاتەکەی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر خاکی ئوردن.

شەممە، 1ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی فەرمیی ئوردنی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی 'العربية' رایگەیاند: "عەممان بە فەرمی حکوومەتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە، کە  گرووپە چەکدارەکان بە نیازی هێرشن بۆ سەر وڵاتمان."

هەر بە پێی گوتەی سەرچاوە فەرمییەکە، ئوردن بە فەرمی داوای لە عێراق کردووە کە بە پەلە رێکاری پێویست و توند بگرێتەبەر و رێگری لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بکات.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کردووە، ئەگەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق هێرش بکەنە سەر عەممان، ئەوا بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە و هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی وڵات دەگرینەبەر.

ئەم هۆشدارییەی ئوردن لە کاتێکدا دێت کە ناوچەکە بەهۆی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و گواستنەوەی لێکەوتەکانی بۆ ناو خاکی عێراق، گرژی و پەرەسەندنی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت.