نیویۆرک تایمز: سوپای پاسداران داوای لە گرووپە چەکدارەکان کردووە هێرشەکانیان فراوانتر بکەن
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکی شیکاریدا پەردە لەسەر لێکتێگەیشتنی نهێنیی نێوان فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و سەرکردەکانی بەرەی مقاومە لادەدات لە کاتی ئاگربەستدا؛ راپۆرتەکە دەری دەخات کە تاران چۆن بریکارەکانی لە یەمەن، عێراق و لوبنان ئاراستە دەکات بۆ فراوانکردنی هێڕشەکانیان بۆ زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ لە رێگەی تێکدانی بازاڕەکانی وزەی جیهانەوە.
هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگەی نەوتیی سعوودیە لە جیهاندا، سووتانی دوو کەشتیی گازی ئەمریکی لە بەندەرێکی میسر لە نزیک نۆکەندی سوێس، و بارینی مووشەکەکان بەسەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، گۆڕەپانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ بازنەیەکی زۆر بەرفراوانتر گواستووەتەوە.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەم هێرشە چڕانە بەشێکن لە پلانێکی قۆناخ بە قۆناخی تاران کە لە ماوەی ئاگربەستە کاتییەکەی ئەمساڵدا بە نهێنی لەگەڵ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا داڕژراوە، بە مەبەسەت بەرزکردنەوەی تێچووی جەنگەکە و راکێشانی ئەمریکا بۆ پاشەکشە.
مەهدی محەممەدی، راوێژکاری باڵای دانوستانکاری ئەمنیی ئێران، لەم بارەیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی: "یاساکانی ململانێکە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و رێڕەوی نوێ لە جەنگدا بنیاتنەرن؛ بەرەکان لە چەندین ئاراستەی جیاوازەوە هاوکات و هاوئاهەنگن بەڵام بە سەربەخۆیی کار دەکەن و تەوەرێکی نوێی بەرگری لە ناوچەکەدا کارا بووە."
هاوئاهەنگیی سوپای پاسداران لەگەڵ میلیشیاکان
بەپِێی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز، فەرماندەکانی هێزی "قودس"ی سەر بە سوپای پاسداران، لە کاتی ئاگربەستە کاتییەکدا لە رێگەی کۆبوونەوەی ئۆنڵاینەوە هێڵە ئەمنییەکانەوە پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ فەرماندەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان، حووسییەکان لە یەمەن، و گرووپە چەکدارەکانی عێراقدا هەبووە بۆ داڕشتنی ئەم پلانە نوێیە.
هێزەکانی پاسداران ئێستا بە قورسی بۆشایی فەرماندەیی لە ناو حزبوڵڵای لوبناندا پڕ دەکەنەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل سەرکردە باڵاکانیانی کوشت. بەرپرسانی لوبنانی نیگەرانن لەوەی کە فەرماندە ئێرانییەکان بە فەرمی لە ناو ئەو تەلارانەدا نیشتەجێ بوون کە ئیسرائیل لە دەرەوەی بنکە تەقلیدییەکانی حزبوڵڵا بۆردوومانی کردن.
هەروەها فۆتۆگرافەرانی رۆژنامەکە تابوتی چوار مەلەوانی ئێرانی سەر بە هێزی قودسیان لە بەغدا بینیوە کە بە ئاڵای ئێران پێچراونەتەوە و لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە لە ناوچەی دیالە کوژرابوون.
مەهدی رەحمەتی، پسپۆڕی ئێرانی لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئێمە لە نێو یارییەکی گەورەی شەترەنجداین، و میلیشیاکان مۆرەی یاری شەتڕەنجی ئێرانن کە بە هاوسەنگی و لە کات و شوێنی گونجاودا دەجووڵێندرێن تا زۆرترین کاریگەرییان هەبێت."
ستراتیژیی تێکدانی بازاڕی نەوت و گەمارۆی گەرووەکان
شیکەرەوەکان دەڵێن ئامانجی یەکەمی تاران کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتە لە ناوچەکەدا بۆ بەرزکردنەوەی توندی بەهای نەوت (کە گەیشتووەتە زیاتر لە 100 دۆلار) بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی تشرینی دووەمی ئەمریکا، تاوەکو پێگەی کۆمارییەکان لە دابەزیندا بێت. تاران پێی وایە ئەم فشارە ئابوورییە قورسە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوسێ عەرەبەکانی وەک سعوودیە ناچار بن کۆنترۆڵکردنی تاران بەسەر گەرووی هورمزدا قبووڵ بکەن (کە پێشتر 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو).
بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە، سعوودیە پڕۆژەی هەناردەکردنی نەوتی گواستەوە بۆ هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا بەرەو دەریای سوور و گەرووی بابولمندوب. بەڵام حووسییەکانی یەمەن لە 20ـی تەممووزدا گەمارۆدانی دەریاییان دژی کەشتییەکانی سعوودیە راگەیاند و دەستیان بە بۆردوومانی مووشەکی کرد. هەروەها پێشهاتی تەقینەوەکانی ناو کەشتییە بازرگانییەکانی میسر لە دەریای ناوەڕاست و نۆکەندی سوێس، مەترسی بۆ سەر تەواوی رێڕەوەکانی تر دروست کردووە.
ماتبوون و مەترسییەکانی سەر حزبوڵڵا و گرووپەکانی عێراق
حووسییەکان کە پێشتر لەسەر سنوورەکان بێدەنگ بوون لەم دواییانەدا هێرشەکانیان لە دژی پیشەسازی نەوتی سعوودیە دەستپێکردووەتەوە بە ئامانجی ناچارکردنی سعوودیە بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ناوخۆی یەمەن. حزبوڵڵای لوبنانیش کە لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، رووبەڕووی مەترسییەکی نوێ بووەتەوە بەهۆی رێککەوتننامەی ئاشتیی لوبنان و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیراندا بە نێوەندگیریی ئەمریکا، کە ئامانجی چەککردنی حزبوڵڵایە.
لەلایەکی ترەوە، لە عێراقدا، میلیشیاکان رووبەڕووی فشاری حکوومەتی عێراق دەبنەوە لەژێر سەرکردایەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ تێکەڵکردنیان لە ناو سوپادا، بۆیە تاران بە بەکارخستنی ئەوان دەیەوێت نیشانی بدات کە پێگەکەی لە عێراقدا لاواز نەبووە.
رۆژنامەکە دەڵێت، بەرەی مقاومە سەر بە ئێران لەم قۆناخەدا پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا لە 2024 (کە بڕبڕەی پشتی هاوپهیمانییەکە بوو)، بە هەموو شێوازێک دەجەنگێت تاوەکو پێگەی شۆڕشگێڕیی خۆی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بپارێزێت؛ و ئەوان لەم ساتەدا هەست بەوە دەکەن کە ترەمپ و هاوپەیمانەکانی ئارەزووی جەنگێکی گشتگیر ناکەن، بۆیە هەوڵ دەدن سەرجەم کارتی فشارەکانی خۆیان لەم هەلەدا بەکاربهێنن و پێگەی خۆیان بەهێز بکەن.