مارکۆ روبیۆ: دەبێت دەسەڵاتی ئێران بگۆڕێت
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتی ئێران بگۆڕێت، ئاماژەی بەوەش کرد، تاران پێشتر رووبەڕووی سەرۆکێکی وەک دۆناڵد ترەمپ نەبووەتەوە، کە سیاسەتێکی جیاوازی پەیڕەو کردووە لەسەر بنەمای پەیڕەوکردنی فشاری سەربازی و ئابووریی بێوێنە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوز روونی کردەوە، ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا پشتیان بە هەڕەشەی بێناوەرۆک و رێککەوتنی جێبەجێ نەکراو بەستبوو، ئەمەش وایکردووە ئێران رابێت لەسەر نەبوونی سزای راستەقینە و نەبوونی رێگرییەکی جددی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدارەی ترەمپ ئەم هاوکێشەیەی گۆڕیوە و رەتیکردەوە رێگە بدات ئێران هێزی سەربازیی بۆ پاراستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروست بکات. بە وتەی رۆبیۆ، ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران و زیادکردنی فشارەکان بۆ ئەوەی تاران ناچار بێت بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
روبیۆ جەختی کردەوە، "مەبەستەکە لادانی دەسەڵاتەکە نییە بەو شێوە کلاسیکییە، بەڵکو پێویستە دەسەلاتەکە بگۆڕێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستی گۆڕینی رەفتار و سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانی تاران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر جەختی کردبووەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی ئێران تا ئەو کاتەی بە شێوەیەکی جددی دەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکان.
لە بەرامبەردا، ئێران هۆشداری داوە لە هەر سەرکێشییەکی نوێی ئەمریکا یان ئیسرائیل و رایگەیاندووە، بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بەرپەرچی دەدەنەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران واشنتنی تۆمەتبار کردووە بە بەردەوامبوون لە گەمارۆی دەریایی و فشارە ئابوورییەکان، کە بە وتەی ئەوان پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنەیە لە حوزەیرانی رابردوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کراوە.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، روبیۆ باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ چین کرد و رایگەیاند، پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەیژینگ پێویستی بە هاوسەنگییەکی ورد هەیە. هۆشداریشی دا هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی یان ئابووریی راستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و چین، بۆ هەردوو وڵات و بۆ ئابووریی جیهانیش کارەساتبار دەبێت. جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی وڵاتەکە بەرەو پێکدادانێکی ئەژمارنەکراو ببرێت.