تەقینەوەیەک لە ناو جەرگەی مۆسکۆ روویدا و 630 درۆنی بۆمبڕێژکراویش تەقێندرانەوە
لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە قاوەخانەیەکی شاری مۆسکۆ، نزیکەی 25 کەس بوونە قوربانی، هاوکات وەزارەتی بەرگریی رووسیاش رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە 635 درۆنی ئۆکرانی تێکبشکێنن.
لیژنەی نیشتمانیی رووسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند "بۆمبێکی دەستکرد لە ناو قاوەخانەیەک لە گۆڕەپانی کودرێنسکایا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەست داوە".
لیژنەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کوژراوەکان بریتی بوون لە کڕیارێک و ئەو ئافرەتەی بۆمبەکەی هەڵگرتبوو و لەگەڵ پاسەوانێکی ئەمنی کە رێگری لێکردبوو بچێتە ژوورەوە.
لای خۆیەوە، پۆلیسی مۆسکۆ رایگەیاند "لێکۆڵەران و تەکنیکارانی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەکەن و دواتر ئەنجامەکانی رادەگەیەنن."
هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە 635 درۆنی ئۆکرانی تێکبشکێنن."
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، درۆنەکان لە ئاسمانی ناوچەکانی بێڵگۆرۆد، بریانسک، ڤۆڵگۆگراد، ڤۆرۆنیژ، کالوگا، کورسک، لیپیتسک، ئۆریۆل، رۆستۆڤ، ریازان، ساراتۆڤ، تامبۆڤ، تولا، ناوچەی مۆسکۆ، نیمچەدوورگەی کریمیا و لەسەر ئاوەکانی دەریای ئازۆڤ و دەریای رەش تێکشکێنراون.
لەلایەکی دیکەوە، یوری سلیوسار، پارێزگاری ناوچەی رۆستۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی هێرشێکی زۆر بەرفراوانی ئۆکرانیایان داوەتەوە و تەنیا لەو پارێزگایە نزیکەی 150 درۆن تێکشکێنراون.
سلیوسار لە هەژماری فەرمی خۆی لە تێلیگرام باسی لەوەکرد، زۆربەی درۆنەکان لە شاری کامینسک-شاختینسکی و حەوت ناوچەی دیکەی پارێزگاکە خراونەتە خوارەوە، بەڵام دانی بەوەدا نا زیانیان بەرکەوتووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا رووسیا دەڵێت، ئۆکرانیا هاووڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج.
لە شوباتی 2022دا، رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد و دەیان هەزار سەربازیش کوژراون و بریندار بوون، هەروەها ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارە بوون.