پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سەنتەری شاری هەڵەبجە دەستپێدەکات
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە و دابینکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان، شارەوانی هەڵەبجە سەرجەم رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی تەواو کردوون و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی لەسەر دابەشکردنی زەوی لەو پارێزگایە داوە و بەمزووانە پرۆسەکە لە سەنتەری شارەکە دەستپێدەکات.
لەوبارەیەوە، فەرحان عیزەدین، گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە بە کوردستان24 ـی راگەیاند، نەخشتەی ئەو زەوییانە بڕیارە دابەش بکرێن تەواوکراوە و ئامادەیە و وەزارەتی شارەوانیش رەزامەنی کۆتایی لەسەر داوە.
گوتیشی، زیاتر لە 10 هەزار کەس فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕکردووەتەوە و وردبینی لە ناوەکانیان دەکرێت بۆ ئەوەی بە گوێرەی مەرج و خاڵبەندییەکان لەو مافە سوودمەند بن.
ئاشکراشی کرد، بەمزووانە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سەنتەری شاری هەڵەبجە دەست پێدەکات و گوتیشی، زەوییەکان کەوتوونەتە شوێنێکی گونجاوی شارەکە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین دەکرێت.
گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە راشیگەیاند، لە قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو کەسانەی لە ساڵی 2005 ـەوە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە، لە کۆی 585 مامۆستا و خانەنشین 198 کەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون و لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواوی ئەو خانەنیشنانە دەبنە خاوەن زەوی خۆیان.
بەهۆییەوە جیاوازی و تایبەتمەندی هەڵەبجە لەگەڵ شارەکانی دیکە کە هەزاران شەهیدی تێدایە و کەسوکاری شەهیدان چۆن لە پرۆسەکە سوودمەند دەکرێن. فەرحان عیزەدین ئاماژەی بەوەکرد، هەر کەسێک کەسوکاری شەهید بێت و لەهەمان کاتدا فەرمانبەر بێت، ئەگەر زەوی لە سنووری شارەوانییەکی دیکە وەک کەسوکاری شەهید وەرگرتبێت، دەتوانێت لە وەرگرتنی زەوی فەرمانبەران سوودمەند بێت و بە دڵنیاییەوە زەوی پێدەدرێت.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکان 10 هەزار فەرمانبەری پارێزگای هەڵەبجە فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕکردووەتەوە و ئەگەری هەیە نزیکەی هەشت هەزار فەرمانبەر مەرجەکانی وەرگرتنی زەوییان هەبێت، تاوەکو ئێستاش لە سنووری هەڵەبجە تەنیا 570 پارچە زەوی دابەش کران و لە چەند رۆژی داهاتووشدا لە سەنتەری شارەکە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات.
لەساڵی 2024، بەبڕیاریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکوو ئێستا سوودمەند نەبوونە، دەستیپێکرد. تا ئێستا دەیان هەزار پارچە زەوی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە.