ژمارەیەک پەرلەمانتار کە لە لیستی گەندەڵکارانن دەستگیر نەکراون

ژمارەیەک پەرلەمانتار کە ناویان لە لیستی گەندەڵکارانی پەرلەمانە، تا ئێستا دەستگیر نەکراون و رۆژانەش دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، ئەو لیستەی کە ناوی گەندەڵکارانی تێدایە و بۆ پەرلەمانی عێراق نێردراوە، ناوی 19 پەرلەمانتاری تێدایە، کە چواریان هی خولەکانی پێشوون و 15 هی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمانن و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە پارێزبەندیان لەسەر هەڵگیراوە و ژمارەیەکیان دەستگیرکراون و ژمارەیەکیان رایان کردووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو لیستەی کە لای پەرلەمانتارانە ناوی چەند پەرلەمانتارێکی تێدایە ئێستا رۆژانە لە پەرلەمان دەوام دەکەن، بەڵام دەسیگیرنەکراون کەس بەلایانەوە ناچێت.

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق رایگەیاند دادگای لێكۆڵینەوەی ناوچەی رەسافە تایبەت بە پێداچوونەوە بە دۆسییەكانی گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە بڕی 20 ملیار دیناری بۆ گەنجینەی وڵات گەڕاندەوە، بەگوێرەی هەواڵەكە پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارەكە لەسەر بنەمای تاوانەكانی گەندەڵی دارایی و كارگێری و فێڵكردن بووە.

لە 28ـی حوزەیرانی 2026، هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و دەستبەسەرداگرتنی ئەوپارانەی بە گەندەڵی بردراون، دەستیپێکرد، دەیان بەرپرس و پەرلەمانتار و سەرۆک حزب دەستگیرکران، یەکێک لەوان بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان عەدنان جومەیلی بوو، کە تائیستا پەیوەست بەو دۆسیەیە دەیان ملیار دینار و ملیۆنان دۆلار و دەیان کیلۆ زێڕ دەستیان بەسەردا گیراوە .