شەڵتەری هەولێر: پەلاماردانی سەگی بێلانە لە نێو سەنتەری شاردا نەماوە
بەڕێوەبەری شەڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە نێو سەنتەری شاری هەولێر بەردەوامە و بەهۆیەوە پەلاماردانی سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان کۆنترۆڵکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، حەسەن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری شەڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "رۆژانە دوو تیم بە شێوەیەکی مەیدانی لە گەڕەک و کۆڵانەکانی سەنتەری شاری هەولێر خەریکی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانن. هەر تیمێک رۆژانە 20 سەگ کۆدەکاتەوە کە کۆی گشتی دەگاتە 40 سەگ لە رۆژێکدا، بۆ کۆکردنەوەی هەر سەگێکیش بڕی پێنج هەزار دینار بە تیمەکان دەدرێت."
سەبارەت بە دۆخی شەڵتەرەکە لە وەرزی هاویندا، حەسەن ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، بە مەبەستی پاراستنی سەگەکان لە شەپۆلی گەرما، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوێکی ناوخۆیی، ژمارەیەک کەپر و حەوزێکی گەورەی ئاویان دروست کردووە. گوتیشی "ئەو رێکخراوە گۆڕانکاری لە جۆری خواردنی سەگەکاندا کردووە و رۆژانە خواردنی تەندروست و گونجاویان بۆ دابین دەکرێت، ئێستاش شەلتەرەکە لە باشترین دۆخی خزمەتگوزاریدایە."
بەڕێوەبەری شەڵتەرەکە تیشکی خستە سەر ئامارەکان و رایگەیاند "لە ماوەی سێ ساڵدا 26 هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 11 هەزار سەگیان دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆیان، ئازادکراون و گەڕێنراونەتەوە دەرەوە."
حەسەن ئیسماعیل باسی لە گرفتەکانی بەردەم پڕۆسەکەش کرد و گوتی "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانمان نەبوونی تیمی پێویستە لە دەوروبەری هەولێر؛ لەوێ 37 شارەوانی هەن بەڵام تەنیا یەک تیم بوونی هەیە. هەروەها تێکەڵبوونی هەندێک گەڕەکی ناو شار و دەوروبەر وەک گەڕەکی رۆشنبیری، کە سەر بە شارەوانی هەولێرە و (دارەتوو) کە لە دەوروبەرە، وایکردووە کۆنتڕۆڵکردنی سەگەکان لەو شوێنانە قورس بێت."
لە کۆتاییدا حەسەن ئیسماعیل جەختی کردەوە، کە لە سایەی ئەم هەڵمەتەدا ئێستا لە نێو سەنتەری شاری هەولێر هیچ حاڵەتێکی پەلاماردانی سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان نەماوە و دۆخەکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵکراوە.
پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر لە رێکەوتی 27ـی ئەیلوولی 2023 دەستیپێکردووە و ئامارەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:
ساڵی 2023: چوار هەزار و 767 سەگ.
ساڵی 2024: حەوت هەزار و 383 سەگ.
ساڵی 2025: نۆ هەزار و 479 سەگ.
نوێترین وێنەی نێو شەڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر


